لە راگەیەنراوێکدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ڕایگەیاندووە؛ لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و خاپوورکردنی حەشارگەکانیان، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە سنووری کەرکووک بەڕێوەچوو.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی دروست و پشتڕاستکراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، دەرکەوت پاشماوەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری بەرپرسیارێتیی فیرقەی 11ـی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک هەیە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوە کردووە، بە هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی شانەی بەئامانجگرتن لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، چەندان هێرشی ئاسمانیی چڕ کرانە سەر مۆڵگەی تیرۆریستان لەرێگەی فڕۆکەی جۆری (سێسنا کاراڤان)ـەوە.
بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی عێراق بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر حەشارگەکانی رێکخراوی داعش لە سنووری کەرکووک و هەشت حەشارگە بە تەواوی خاپوور کراوە و ئاماژە بەوەش دراوە، وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە زیانەکانی چەکدارانی داعش بڵاو دەکرێتەوە.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامییان هەیە و پێشتریش لە چالاکییەکی هاوشێوەدا هێرش کرایە سەر مۆڵگەکانی چەکدارانی داعش لە چیای قەرەچوغ و بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامیان هەیە و هێشتا مەترسییەکانی داعش بە تەواوی لەسەر ئەو ناوچانە نەڕەویوەتەوە کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماون و کشاونەتەوە.

