نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی “تەمەن”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ، کە بەرهەمی هونەری ناوەندی زەنێیە بڵاو کردەوە.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بۆ (هەولێر) قسەی کرد و گوتی: گۆرانیی “تەمەن”، لەسەر هۆنراوەیەکی جوانی مازیار فایەق دروست بووە، منیش ئاوازەکەم بۆ داناوە، هەروەها ئامادەکردن و دابەشکردنی میوزیکەکە، زامیار نامۆ کردوویەتی و هەوڵم داوە بەرهەمێک پێشکەش بکەم، پەیام و هەستێکی قووڵی مرۆیی بگەیەنم.
گوتیشی: ناوەڕۆکی تەمەن لەسەر ئەو راستییە بنیات نراوە کە هەموو مرۆڤێک، بێ جیاوازی، بە قۆناخەکانی تەمەندا تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناخی پیری. بۆیە هەوڵم داوە تێکست و ئاواز و ڤیدیۆکلیپەکە بە شێوەیەک بێت کە هەر گوێگر و بینەرێک بتوانێت خۆی لە ناو ئەو چیرۆکەدا ببینێتەوە و هەست بکات ئەم بەرهەمە باس لە ژیانی خۆی دەکات.
نەجمەدین غوڵامی باس لە پەیامی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت: ئەم گۆرانییە پەیامێکی روونی هەیە، ئەویش ئەوەیە پیری نابێت وەک کۆتایی لێی بڕوانرێت، بەڵکو قۆناخێکە پڕ لە ئەزموون، بیرەوەری و دانایی. هەر تەمەنێک جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، و تەمەنی پیریش بە هەموو ئەو ئەزموونانەی کە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، جوانییەکی جیاوازی هەیە و شایستەی رێز و بایەخدانە.
نەجمەدین غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا: گۆرانی “تەمەن”، جیاوازیی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووم، تەنیا لە شێوازی ئاوازدانان و میوزیکەکەدایە. رەنگ و هەستی میوزیک بە شێوەیەک هەڵبژێردراوە کە لەگەڵ پەیامی گۆرانییەکە یەک بگرێت و کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر گوێگر جێ بهێڵێت. راستە پێشتر هونەرمەندانی دیکەش گۆرانییان لەسەر تەمەن گوتووە، بەڵام پێم وایە ئەم بەرهەمە، لە رووی شیعر، ئاواز و موزیکەوە، ناسنامە و چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی گوڵشەنی شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنی 18 ساڵانەوە لە رێگەی رادیۆی سنە و کرماشانەوە دەستی کردووە بە گۆرانیوتن. نەجمەدین غوڵامی ھەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانچڕینی بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە ھەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو دنیای ھونەرەوە. غوڵامی بە یارمەتیی ھونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی کورد “عەباسی کەمەندی”، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرھەمی خۆی تۆمار کردووە و تا ئێستا ٢٣ ئەلبوومی بڵاو کردۆتەوە.

