رۆژنامەی ھەولێر

هەزاران گەشتیار ڕوویان لە ھاوینەھەوارەکانی ئاکرێ کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھاوینەھەوارەکانی ئاکرێ و دەوروبەری پڕبوونە لە گەشتیار و سەردانیکەران، ئەوان دڵخۆشن بە سرووشت و کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان.

بەھۆی بایەخدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سێکتەری گەشتوگوزار و ڕێکارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە بازگە و شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمساڵ ھەزاران گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.
عەبدوڵڵا محەممەد، گەشتیارێکی عەرەبە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتووینەتە ھاوینەھەوارەکانی ئاکرێ، لەوێ زۆر گەرمە و پلەکانی گەرما بۆ سەرووی ٥٠ پلەی سیلیزی بەرزبوونەتەوە، ھەر ئەوەش پاڵنەرێکی سەرەکی بووە کە ڕوو لە سەیرانگە و ھاوینەھەوارەکانی ناوچەکە بکەین و کاتێکی خۆش لەناو سرووشتی جوانی کوردستان بەسەر ببەین.
مریەم عەلاوی، گەشتیارێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”ڕوونیکردەوە: کەشوھەوای کوردستان زۆر خۆشە، جگە لەوەش ئەمن و ئارامی ھەیە و خەڵکەکەی ڕێزێکی زۆر لە گەشتیاران دەگرن ئەوەش وای لە ئێمە کرد کە لە باشووری عێراقەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەین و کاتێکی خۆش لە سەیرانگە و ھاوینەھەوارەکانی ئاکرێ بەسەر ببەین، ھیوادارین کوردستان ھەروا خۆش و ئارام بێت و دڵنیام ساڵانی داھاتوو کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت و گەشتیاری زیاتر ڕووی تێ دەکەن.
قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دھۆک خاوەنی چەندین ھاوینەھەوار و شوێنی گەشتیاری سەرنجڕاکێشە، کە دیارترینیان بریتین لە ھاوینەھەواری سیپە، دۆڵی چەمە و کانییە ئاو، ئەوەش وای کردووە ئاکرێ لەسەر نەخشەی گەشتیاری دیار و بەرچاو بێت لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. بەرپرسانی گەشتوگوزارییش لەو قەزایە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە ئاکرێ کردووە، بەتایبەتی ڕۆژانی ھەینی بە ھەزاران گەشتیار ڕوو لە سەیرانگە و ھاوینەھەوارەکانی ئاکرێ دەکەن، لەگەڵ ئەوەش ژمارەی شوێنە گەشتیارییەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەوەش ھۆکارێکی باشە کە ژمارەی گەشتیاران زیاتر بێت.