ئەمڕۆ بە خەم و ئازارێکی قووڵەوە، يادی دوازدە ساڵەی تاوانی جينۆساید و کۆمەڵکوژیی هاووڵاتييانى ئێزدیمان دەکەینەوە. لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بەوپهڕى ڕێز و وەفادارییهوه بەبیریان دەهێنینەوە.
تاوانی جينۆسایدی ئێزدییان و بهسەبیکردنی کچ و ژنانیان و تێکدانی ماڵ و پەرستگەکانیان، برینێکی کراوەی دڵ و دهروونى گەلی کوردستانە. بهداخهوه هاووڵاتییانی ئێزدیمان پاش دوازدە ساڵ، هێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئامادەییی هێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن.
لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخى شهنگال لهگهڵ حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا جێبەجێ بکات، کار بۆ بەپارێزگاکردنی بکات و هێزە نایاسایییەکان ناوچەکە جێبهێڵن؛ تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاووڵاتييانى ئێزديمان دڵنیا دەکەینەوە تا تاقە ڕفێندراوێک مابێت، تیمی نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسیان. هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانمان تا تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی جیهاندا بە تەواوی وەک جينۆساید بناسرێن.
لەم یادەدا، سوپاس و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵکی ميوانپەروەری دهۆک و بادینان بهگشتى دەکەین کە لە ساتە سەختەکاندا دەرگای ماڵ و قوتابخانە و مزگەوتەکانیان بۆ ئاواره ئێزدييهكان کردەوە. ههروهها سوپاس و پێزانين بۆ ههموو ئهو وڵاتانهى ئهو تاوانهيان به جێنۆسايد ناساندووه و به ههر شێوهيهك بێت، يارمهتيى ئێزدييانيان داوه.
سڵاو لە خۆڕاگریی کۆمەڵگەی ئێزدی، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و تەواوی ئەو پێشمەرگە قارهمانانەی ئهو ڕۆژگاره سهخته بە فەرماندەییی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شەنگال و پاراستنی شكۆى نیشتمان بەخشی.

