ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە کۆمەڵکوژی و جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە.
لەم یادە خەمناکەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و گشت شەهید و ئەنفالکراوەکانی کوردستان لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال دەکەینەوە. پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو ئەو جوامێرانە هەیە کە لەو ڕۆژگارە سەختانەدا، یارمەتی و هاوکاریی کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییە ئەنفالکراوەکانیان کرد.
لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە.
هەروەک پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان، قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە ڕەواکانی داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات.
لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییان، سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
31ی تەمموزی 2026

