رۆژنامەی ھەولێر

چەند پارتی سیاسی توركیا دەنگ بەپڕۆژەیاسای پرسی چارەسەری دەدەن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە رۆژانی داهاتوو، پڕۆژەیاسای پرسی چارەسەری كورد، كە لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە نووسراوە و دەم پارتی و ئیمیڕاڵیش پشتگیریی دەكەن، لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پاشان دەنگی لەسەر دەدرێت. ئایە لەناو پەرلەمانی توركیا، پارتە سیاسییەكان دەنگ بەو پرۆژەیاسایە دەدەن یان رەتی دەكەنەوە؟

لەكۆی ٦٠٠ پەرلەمانتاری توركیا، پەرلەمانتارانی مەهەپە و ئاكەپە و دەم پارتی، پشتگیریی لە پڕۆژەیاسای چارەسەری پرسی كورد دەكەن، كە لە ١١ مادە پێكهاتووە و باس لە چارەنووسی پەكەكە و چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە دەكات. دەنگی ئەو سێ پارتە نزیك دەبێتەوە لە ٣٩٠ پەرلەمانتار، بەمەش ئەگەر پڕۆژەیاسایەكە بچێتە دەنگدانەوە، بەئاسانی ٥٠+١ بەدەست دەهێنێت، بەڵام پرسەكە تەنیا زۆرینە نییە، بەڵكوو دەبێت ئۆپۆزسیۆنی توركیاش قبوڵی بێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەڕوونی بە شاندی ئیمیڕاڵی گوتبوو، ئەو پرسە دەبێت رەزامەندی ئۆپۆزسیۆنی توركیای لەسەر بێت، بەتایبەت جەهەپە كە خاوەنی ١٤٠ كورسی پەرلەمانە، چونكە ئەگەر ئەوان پشتگیریی بكەن، پرسەكە هێزی زیاتر دەبێت و لە داهاتوو ئەگەر ئاكەپەش لە دەسەڵات نەما، پڕۆژەیاسایەكە هەڵناوەشێتەوە.
بەڵام ئەوەی بووەتە مایەی پرسیار و قسەی لەسەر دەكرێت، جەهەپە بووەتە دوو بەش و ئۆزگوور ئۆزەل، پارتێكی تازەی بەناوی (پارتی نوێ) دامەزراند و ٩١ پەرلەمانتاری جەهەپە چوونە پاڵی و دەستبەرداری جەهەپە بوون، لێرەدا كورسییەكانی جەهەپە بۆ خوار ٥٠ كورسی دابەزی، روونیش نییە ئاخۆ پارتی نوێ، هەڵوێستی چی دەبێت بەرامبەر پڕۆژەیاسای پرسی چارەسەری كورد؟
ئۆزگوور ئۆزەل، پێشتر باسی لەوە كردبوو، كە پرسی كورد دەبێت لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر بكرێت، بەڵام رەتیان دەكردەوە رێگە بدرێت عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت، هەروەها باسیان لەوە دەكرد، دەبێت پڕۆژەیاسایەكە ببینن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، ئەوكات دەنگی لەسەر دەدەن، بۆیە ئەگەر هەیە رەتی بكەنەوە.
بەهۆی ئەوەی ئۆزەل فشارێكی گەورەی لەسەرە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەوەی لە سەرۆكی جەهەپە لایاندا و بەناچاری پارتێكی تری دروست كرد، بۆیە هەموو شتێكی ئاكەپە و مەهەپە رەتدەكاتەوە و دەڵێت لەگەڵی نیم، ترس هەیە بە ٩١ پەرلەمانتارەكەی بڵێت بەبەڵێ دەنگ بەو پڕۆژەیە نەدەن، بەمەش گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پڕۆژەكە رەتدەكاتەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر پرسەكە دەبێت، بەتایبەت ئەگەر لە داهاتوو ئاكەپە لە دەسەڵات نەمێنێت.
پارتی خاس، كە خاوەنی ٤٠ كورسی پەرلەمانە و پارتێكی نەژادپەرستە، هەر لە سەرەتاوە دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرسە راگەیاند و گوتیان دژی دەوەستینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو پارتە ئاستی جەماوەری لەدەستداوە و بەگوێرەی راپرسییەكان بێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، بۆیە ئەگەر پارتی خاس بەنەخێریش دەنگ بدەن، كاریگەرییان نییە، ئەوەی زۆر كاریگەریی هەیە و حیسابی بۆ دەكرێت، پارتی نوێیە، چونكە ٩١ پەرلەمانتاری هەیە و ئاییندە بۆ ئەو پارتەیە و خۆیان ئامادە كردووە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بتوانن ببنە زۆرینەی پەرلەمان و هەروەها كورسی سەركۆماری توركیاش ببەنەوە.