رۆژنامەی ھەولێر

بڕیاری نوێ لەبارەی زیادکردنی ناو بۆ پسوولەی خۆراک دەرچوو

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاگادارییەکی گرنگی بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاوکردەوە کە ناویان لە پسوولەی خۆراکدا نییە و ڕایگەیاند، پڕۆسەی زیادکردنی ناو بۆ کەسانی سەرووی تەمەن 12 ساڵ دەستیپێکردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە پاڵپشتە بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدراڵ، لەمڕۆوە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵە و تا ئێستا ناویان لە پسوولەی خۆراک تۆمار نەکراوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناویان.
لە ئاگادارییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە پێویستە ئەو کەسەی ناوی تۆمار دەکرێت، خۆی ئامادە بێت و ئەم پێداویستییانەی خوارەوەی پێبێت:

1_ کارتی نیشتمانیی ئەو کەسەی ناوی زیاد دەکرێت.
2_ کارتی زانیاریی سەرۆک خێزان.
3_ بڕینی پسوولەیەک بە بڕی 6,500 دینار.
4_ ئەنجامدانی پەنجەمۆر بۆ ئەو کەسەی ناوی تۆمار دەکرێت.

ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانییە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوی سوودمەندبووان لە بەشە خۆراکی مانگانە و گەیاندنی شایستەکان بەو هاووڵاتییانەی پێشتر ناویان تۆمار نەکراوە.