قایمقامی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە مەرزی شوشمێ دەکرێت و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکەدا بەرز بکرێتەوە.
دوێنێ، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە مەرزی شوشمێ رووبەڕووی هاووڵاتییان دەبنەوە و رایگەیاند: “خاڵی یەکەممان لەسەر ئەو گرفتانەیە کە لە مەرزی شوشمێ بە تایبەتی هەیە، لە رووی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت؛ رۆژانە گلەیی و گازندەیەکی زۆرمان بۆ دێتەوە کە هاووڵاتییانمان تووشی گرفتی هاتوچۆ دەبن بەهۆی ئەوەی ئینتەرنێتەکە خاوە یاخود زۆرجار کار ناکات.”
سەبارەت بە گەشەپێدانی مەرزەکە لە رووی ئابوورییەوە، قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد کە پلانیان هەیە مەرزی شوشمێ-تەوێڵە لە مەرزێکی لاوەکییەوە بەرەو پێش ببەن و گوتی: “دەمانەوێت کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی تازەی تێدا بکرێت، چونکە کۆمەڵێک پێشهاتی نوێ هاتوونەتە پێشەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەسەر ئەم بابەتە داکۆکیکارن و پێشنیازیان کردووە کە زیاتر گرنگی بەو بوارە بدرێت.”
سمکۆ سالار جەختی لەوەش کردەوە کە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند: “درێژە بە پەیوەندی و سەردانەکانمان دەدەین، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.”

