رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، جەخت لە پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.6.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ عەمید فەرمان فەزڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم و عەقید برزۆ تەحسین، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێر کۆبووەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا، تیشك خرایەسەر داڕشتنی پلانی گشتگیر بۆ پاراستنی سەوزایی و سامانی دارستانەکان و ڕێگریکردنی پێشوەختە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە زێدەڕۆیییەک بۆ سەر موڵکی گشتی.

پاشان پارێزگاری هەولێر، جەختی لە هەماهەنگی دامەزراوەكان و لیژنەی” پاراستن و چاككردنی ژینگە” و پۆلیسی دارستان بۆ پاراستنی سروشتی سنووری پارێزگای هەولێر كردەوە و وێڕای دەستخۆشی لە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دارستان لە جێبەجێكردنی فەرمانەكان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، پشتگیری تەواوی پارێزگای بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و دووپاتیشی كردەوە کە پاراستنی ژینگە و سامانی گشتی ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستە بە توندی ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران ببنەوە.