بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین هەڵوێستی حزبەکەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حزبەکان کردەوە و رایگەیاند: “دەخوازین هەموو گرفتەکان کۆتاییان بێت، چونکە گەلەکەمان چاکەی زۆری بەسەر هێزە سیاسییەکانەوە هەیە و ئەرکی ئێمەیە بە خزمەتکردن و سەقامگیری قەرەبوویان بکەینەوە.”
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان، فازڵ میرانی ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ چەقبەستووی سیاسی و گوتی: “ئەو دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگ بوو، هەندێک لە هێزە سیاسییەکانیش بە ئەرێنی بەدەمیەوە هاتوون.”
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کێشەکانی بۆ نەبوونی یەکدەنگی گەڕاندەوە و گوتی: “گەر ئێمە وەک لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندی گەل بخەینە پێش بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان، ئەوا دڵنیام لە90%ـی کێشەکان چارەسەر دەبن.”

