رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی هەرێمی کوردستان و فه‌ره‌نسا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا و بیروڕاش لەبارەی گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانە و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابووری و داراییەکان.