وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە بڕی داشکاندنی 3 ملیار دینار گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.
وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولەکردن، سیستەمی نوێی پسوولەکردن نزیکەی 118,000 هاوبەشی ماڵانی دیاری کردووە کە بە تەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند نەبوون.
راشیگەیاند: هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەژمار دەکرێت، ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی ڕووناکی لەرێگەی کورتەنامە ئاگادار دەکرێنەوە.
داتاکانی پەیوەست بە داشکاندن لە کوردستان بەمشێوەی خوارەوەیە:
کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 3.031 ملیار دینار
ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: 117,628
تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 25,768 دینار
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا كە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە ٪85ی هاووڵاتییانی کوردستان، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان ٪80ی هاووڵاتییان بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
جێی باسە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
پرۆژەی ڕووناکی کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، ئێستا زیاتر لە 85٪ی هاووڵاتییان کارەبای بەردەوامیان هەیە لە پڕۆژەی ڕووناکی.

