وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری دا پلەی سەربازی 1385 ئەفسەر لە سەرجەم هێزەكانی سەر بە وەزارەتەكە بەرز بكاتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە واژۆی لەسەر خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کرد.
راشیگەیاند: بەپێی خشتەکان 1385 ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانەدا پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.
وەزیری پێشمەرگە دوای پیرۆزبایی لە ئەفسەرەكان، رایگەیاند: خۆشحاڵین کە هەوڵەکانمان لە ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتوو بوو؛ ئێستا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.
شۆڕش ئیسماعیل لە كۆتاییدا هەروەها هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ ئەفسەرە پلەبەرزكراوەكان لە ئەرکە پیرۆزەکەیان خواست لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر و پارێزگاریکردن لە خەڵک و خاک و ئاڵای کوردستان.

