ڕائیب جادر – هەولێر
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵی سەرەکی و داینەمۆی ھەبووە لە بووژانەوە و گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەو کەرتە بووژانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ٨٠ پڕۆژەی ستراتیژی بە سەرمایەی زیاتر لە حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون و خراونەتە خزمەت ھاووڵاتییان و گەشتیاران. دەشڵێ: ئەم پڕۆژانە پێگەی ھەرێمی کوردستانیان وەک ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەھێزتر کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە ٨٥%ی ئەو کارمەندانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستانن.
خواستی گەشتکردن بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بایەخێکی زۆری بەو کەرتە داوە، سەقامگیری تەناھی و بوونی پڕۆژەی گەشتیاریش ھۆکارن بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زۆرتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکات، تەنیا لەم جەژنەدا زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ٢٠ ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا، ھەرێمی کوردستان پلانێکی درێژخایەنی بۆ پێشخستنی ئەو کەرتە ھەیە، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێ کردووە و ھەشت ساڵ دەخایەنێ، خەرجی ھەر گەشتیارێکیش لە نێوان ٢٠٠ تا ٥٠٠ دۆلار دەبێت، ئەمەش مانای وایە قازانجی ڕاستەوخۆ لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن دۆلار تا ملیارێک و ٧٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت لە ساڵێکدا.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەرتی گەشتوگوزاری وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پلانە ئابوورییەکانی بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت دەستنیشان کردووە و، بەردەوام کار بۆ ئاسانکاریکردن بۆ گەشتیاران و وەبەرھێنەران دەکات.
حکوومەتی ھەرێم ماستەرپلانێکی گشتگیری بۆ ناوچە گەشتیارییەکان ئامادە کردووە، یەکێک لە پڕۆژە ھەرە سەرنجڕاکێشەکانی ناو ماستەرپلانەکە، دروستکردنی تەلەفریکێکی درێژە، تەلەفریکێکی ١١ کیلۆمەتری لە گەلی عەلی بەگەوە دەسپێدەکات، بەسەر چیاکانی گۆڕەز و چیاکانی تردا تێپەڕێت تا دەگاتە گۆڕنۆک و شنگلبانە و دواتر دەبەسترێتەوە بە چیای کۆڕەک ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گشتگیر و دەگمەن دەبێت لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتی: ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ سەرجەم ناوچە و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان زیادبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
تایبەت بە کاریگەرییەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانە و ئابووری، ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئەم ھاتنە بەردەوام و زۆرەی گەشتیاران ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە بە جۆرێک ئێستا کەرتی گەشتیاری بووەتە ھۆکاری سەرەکی بۆ بووژانەوەی بازاڕەکان و دروستبوونی جووڵەیەکی بازرگانیی باش لە ھەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، زیاتر گوتی: حکوومەتی ھەرێم داینەمۆی زیاتر بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری بووە لە ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم کەرتی گەشتیاری لە پال ھەر یەک لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خرایە ئەولەویەتی کارنامەی کابینەکە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییەکی زۆرە، ئەو ئەولەویەت پێدانە بەشێوەی پراکتیکی لە ئەرزی واقع ڕەنگی داوەتەوە لەڕووی ژێرخانەوە پێشوەچوونێکی یەکجار باش ھاتۆتە کایەوە، لە ماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە ٨٠ پڕۆژەی گەشتیاری بە سەرمایەی ٧ ملیار و نیو دۆلار ئەنجام دراون تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣٩ پڕۆژەی گەشتیاری مۆڵەتی وەبەرھێنانیان بە سەرمایەی زیاتر لە ٣٤٥ ملیۆن دۆلار پێدراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ متمانەی وەبەرھێنەران بە ژینگەی لەباری ھەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژانە پێگەی ھەرێمی کوردستانیان وەک ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەھێزتر کردووە، ھەر لەسەردەمی ئەو کابینەیە زۆر لە سێکتەرەکانی دیکەش ھاوتەریب لەگەڵ کەرتی گەشتیاری گەشەیان کردووە، بۆ نموونە ڕێگەوبانەکان، زیاتر لە ٧٠٠ پڕۆژەی ڕێگەوبان ئەنجام دراون، کە بەشێک لەو ڕێگانە، ڕێگەی سەرەکی بوون لە نێوان شارەکان، ئەمەش وای کرد جموجۆڵی گەشتیاران ئاسانتر بێت لە نێوان شارەکان، ھاوکات دروستکردنی بەنداوەکان کە بڕبرەی پشتی جۆرێکی گەشتوگوزارە، لەڕووی مارکێتینگەوە، ھەروەھا لەڕووی ئاسانکاری بۆ ھاتنە ناوەی گەشتیاران، ئەو ئاسانکارییە لۆجستیانەی کە لەسەردەمی ئەم کابینەیە پێشکەش بە گەشتیاران کراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە خودی سەرۆکی حکوومەت بەردەوام پاڵپشتی ئەم کەرتە بووە، ئەوەش وای کردووە لە ئێستادا کەرتی گەشتیاری بگاتە قۆناغێکی ھیوا بەخش.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی گوت: ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٠ بنکە و ناوەندی گەشتیاریی لە ئاستی براندی جیھانی و پێنج ئەستێرە بوونیان ھەیە، کە ڕۆژانە بەرزترین کوالێتیی خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکەن.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: ئەگەر بە داتا قسە بکەم لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان ٢١٣٠٠ کەس لە کەرتی گەشتیاری کار دەکەن، خۆشبەختانە لەم ژمارەیە ١٨٣٣٥ کەس خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، ئەوەش جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانە کە دەبێت لە تەواوی سێکتەرەکان دەستی کاری ناوخۆ زیاتر بێت لە ٧٥%، ئێمە لە کەرتی گەشتیاری لە ئێستادا بە شانازییەوە ڕادەگەیەنین کە زیاتر ٨٥%ی ئەو کارمەندانەی لە کەرتی گەشتیاری کار دەکەن خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، سەرەڕای ئەو بووژانەوەی کە دەخاتە ناو بازاڕەکان ئەمە جۆرێکە بەتایبەتی لەم جەژنەدا ھەموومان دەبینین چۆن بازاڕەکانمان بووژاونەتەوە، لە پاڵ بنکە گەشتیارییەکان و ئەو ژمارە زۆرەی ھاووڵاتییان کە لە شوێنە گەشتیارییەکان کار دەکەن.

