رۆژنامەی ھەولێر

بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی ئاو جێبەجێ دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو بە گوژمەی زیاتر لە ١٥٧ ملیار دینار لە قەزای ناوەندی سۆران جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونی توانای بەرھەمھێنانی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە لە ٤٩,٦٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بۆ ٩٧,٦٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ھۆی باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئاو بۆ ھاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانەی کە لەژێر دروستکردندان لەگەڵ ئاوەدانی زیاتری شارەکە.

لە ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆراندا ھاتووە، دوابەدوای داواکارییان لە ڕێکەوتی ١٧ی ئابی ٢٠٢٥ بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نوێی ستراتیجی ئاو بۆ شاری سۆران لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامییەتی شارۆچکەی ناوەندی سۆران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێی ئاو لە شاری سۆران بە قەبارەی ٣٠٠٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، بە تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی ١٥٧,٤٠٠,٠٠٠,٠٠٠ دینار لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی ٢٠٢٦.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە بەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە دراوە کە بریتین لە وەرگری ئاو لەسەر ڕووبار بە توانای ٣٣٠٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، یەکەکانی چارەسەرکردن و پاڵاوتنی ئاو بە توانای ٣٠٠٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، وێستگەی پەمپکردن بە توانای ٣٠٠٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، سێ عەمباری ئاو بۆ شاری سۆران کە دوویان قەبارەیان ١٥,٠٠٠ مەتر سێجایە و یەکێکیان ١٠,٠٠٠ مەتر سێجایە، ھێڵەکانی گواستنەوە و تۆڕی دابەشکردنی ئاو بە درێژایی سەرووی ٢٠٠ کیلۆمەتر، گەیاندنی ھێڵی وزەی کارەبای ٣٣ کەی ڤی، سیستەمی کۆنتڕۆڵ و ئامێرسازی و پەیوەندی، لەگەڵ ژووری کۆنترۆڵی ناوەندی.
ھەروەھا ئەوەش خراوەتەڕوو، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، توانای بەرھەمھێنانی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە لە ٤٩,٦٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بۆ ٩٧,٦٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، توانای عەمبارکردنیش لە ١٠,٨٠٠ مەتر سێجا بۆ ٥٠,٨٠٠ مەتر سێجا زیاد دەکات. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ھۆی باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئاو بۆ ھاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانەی کە لەژێر دروستکردندان لەگەڵ ئاوەدانیی زیاتری شاری سۆران، زەوی پێویستیش بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ قایمقامییەتی شارۆچکەی ڕواندز.
لە کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٢٦ پێشکەشی شاری سۆرانی کردووە، نیشانەی پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییان، تەندروستیی گشتی، گەشەسەندنی بەردەوامی شارستانی و گرنگیدانە بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.