رۆژنامەی ھەولێر

شارەوانیی هەولێر، هەفتەبازاڕێکی نوێ و مۆدێرن لەبەردەم پارکی شاندەر دەکاتەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هەینی داهاتوو 5ـی حوزەیرانی 2026، هەفتەبازاڕێکی نوێ و مۆدێرن لەبەردەم پارکی شاندەر، بە رووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و کاتەکانی کارکردنیشی لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تاوەکوو 12ـی شەو دەبێت.
بە پێی راگەیەنراوەکەی شارەوانیی هەولێر، پڕۆژەکە کە ئامانج لێی نیشاندانی جوانییەکانی کاسبکاریی رەسەن و هاندانی فرۆشیارانە بۆ نمایشکردنی کاڵاکانیان، دەرفەتێکی ناوازە بۆ هاووڵاتییان و چینی کاسبکار دەڕەخسێنێت.
سەرۆکایەتییەکە باسی لەوەش کرد، بازاڕەکە گشتگیر دەبێت و پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی رۆژانەی هاووڵاتییان لەخۆ دەگرێت، لەوانە: بەرهەمە خۆراکییەکان، بەروبوومی خۆماڵی، جلوبەرگی کوردەواری و کاری دەستی.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، داوای لە سەرجەم ئەو هاووڵاتی و کاسبکارانە کردووە کە ئارەزووی بەشداریکردنیان لەم پڕۆژەیەدا هەیە، سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی شوێنی کارکردن و خستنەڕووی بەرهەمەکانیان.