رۆژنامەی ھەولێر

خوانی بەیانی جەژن و چالاکیی جۆراوجۆر بۆ منداڵانی خانەی نەوجەوانان و بەساڵاچووان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.5.27، وەک نەریتێکی ساڵانەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، و لە پێناو قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی، هاوسۆزی و گرنگیدانی بەردەوامی دامەزراوەکانی حکومەت بە توێژە گرنگەکانی کۆمەڵگە، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز و جەژنەپیرۆزە و دابەشکردنی دیاری بەسەر منداڵانی خانەی نەوجەوانان و بەساڵاچووانی ماڵی بەساڵاچووانی هەولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت کە بۆ خوانی بەیانی جەژن لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، لەلایەن پارێزگای هەولێر ڕێکخرابوو، بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، ئامادەبووان نانی بەیانی جەژنیان لەگەڵ بەساڵاچووان و منداڵانی خانەی نەوجەوانان خوارد و پاشان چەند چالاکیەکی هونەری جۆراوجۆری گۆرانی و مۆسیقا پێشکەشکرا، دواتر پارێزگاری هەولێر، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی، ئامانجی ئێمە لەم بەسەرکردنەوەیەدا، گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و پشتگیرییە بۆ ئەم ئازیزانە، تاوەکو لەم ڕۆژە پیرۆزەدا هەست بە تەنیایی نەکەن و بزانن کە ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە خێزانی گەورەی ئێمە و حکومەتی هەرێم.

ڕاشیگەیاند، بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ بەساڵاچووان و نەوجەوانان.

لەکۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، خەڵات و جەژنانە بەسەر سەرجەم منداڵان و بەساڵاچووانی هەردوو خانەکە دابەشکرا، کە بووە مایەی خۆشحاڵی و ئارامیی دەروونی بۆیان.