ڕائیب جادر – هەولێر
٥٠ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا تێدەپەڕێت، کە لە ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦ بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوکردنی ئامانجە بەدینەھاتووەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان، یەکەم بڵێسەی دا و کاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانی درێژە پێدا.
شۆڕشی گوڵان قۆناغێکی زۆر گرنگی شۆڕش بوو، چونکە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، گوڵان ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەوشە دژوار و پڕمەترسیدارە بوو کە لە ئەنجامی خیانەتی نێودەوڵەتیی جەزائیر بەسەر گەلی کوردستاندا سەپێندرا، لەبەر ئەوەش بەرپاکردنی شۆڕشی گوڵان، باشترین وەڵامدانەوە بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمنان.
لە شۆڕشی گوڵاندا بەڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر و ڕێنمایی سەرۆک بارزانی، کورد توانی خۆی ڕێکبخاتەوە و دەست بکاتەوە بە شۆڕش، بەر لە دەستپێکردنی شۆڕش، پارتی پێداچوونەوەی بە ڕێکخستنەکانیدا کرد، لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٧٥ کۆنفرانسێک لە بەرلین ڕێکخرا، ئەویش لەبارەی چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات و دەستپێکردنەوەی شۆڕش.
شۆڕش ھەر زوو مەفرەزەی بچووکی پارتیزانی دروستکردەوە، لەناو جەرگەی باشووری کوردستان بەرپاکرایەوە، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات زۆر کەسایەتی و فەرماندە و سەرکردەی پێشووی شۆڕشی ئەیلوول بەو ھۆیەوە لە دەرەوەی وڵات گەڕانەوە و چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتیان دەستپێکردەوە.
شۆڕشی گوڵان وەڵامدانەوەی ئەو پیلان و گەلە کۆمەکییە بوو کە لە کورد کرا، لە دوای پیلانی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥، پاش شکەستی شۆڕشی ئەیلوول ڕەشبینییەک دروست ببوو و دوژمنانی کورد بەتایبەتی ڕژێمی بەعس وایان نیشاندا کە شۆڕشی کورد کۆتایی ھاتووە، کە دوای شۆڕشی ئەیلوول حکوومەتی عێراق بە تەما بوو ھەرێمی کوردستان ھەمووی خاپوور بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەگی شۆڕشگێری و توانای سەرکردایەتی سیاسی کورد لەو ئاستەدا بوو کە توانی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت ئەو ڕەشبینییە ڕەش بکاتەوە و ئومێدێک بداتەوە بە نەتەوەی کورد، ئەوە بوو لە ڕۆژی ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦ یەکەم ئاگری بڵێسەی شۆڕش لە شاخەکانی کوردستان دەستیپێکرد.
ڕۆژی ٢٦-٥-١٩٧٦ لە دۆڵ زەوی یەکەم مەفرەزەی شۆڕش کە ٢٣ پێشمەرگە بوون لەگەڵ سوپای عێراق دەبێتە شەڕیان و سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی دەبێتە یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان، مام نەبی یەکەم برینداری شۆڕشی گوڵانە، پێشمەرگە و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول نەیانھێشت خەونی دووژمنان بێتەدی، کە بەنیازبوون شۆڕشی کورد بۆ ھەتاھەتایی لەناوببەن.
پێشمەرگە و چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، قۆناغی دەستپێکردنی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان جیا بوون، بەڵام یەک ئامانجیان ھەبوو، کاتێک شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێکرد کوردستان ئاوەدان بوو، پارتی توانی سەرکردایەتیی شۆڕش لە زاخۆ تا خانەقین بکات، بەڵام کاتێک شۆڕشی گوڵان دەستیپێکرد، شۆڕشی ئەیلوول توشی نسکۆ ببوو، بۆیە پارتی توانی بەشێوەیەکی نھێنی ڕێکخستەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و سەرکردایەتیی پارتی توانی پارتی نوێ بکاتەوە و شۆڕشی گوڵان ھەڵبگیرسێنێت، بۆیە شۆڕشی گوڵان ھەمان گەوھەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونکە بە شێوە و تەکنیک و بزاوتێکی نوێتر ھاتەکایەوە، شۆڕشی گوڵان جگە لە پارتی، حیزبە کوردستانییەکانی دیکەی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، بۆیە توانی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگ بۆ گەلی کوردستان مسۆگەر بکات، دوژمنانی کورد ھیچ بیریان لەوە نەکردبووەوە کە شۆڕشی کوردی سەرھەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاکانی کوردستان، بۆیە شۆڕشی گوڵان ئومێدێکی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و ترسێکی گەورەشی لە دڵی دوژمنان دروست کرد.

