رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ ڕۆما، لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بواری سەربازی و ئەمنیدا و هاریکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دووپات کردەوە، بەتایبەت لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.

لای خۆیەوە، کرۆسێتۆ جەختی لە بەردەوامیی پابەندى و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ ڕايگه‌ياند كه‌ ئيتاڵيا له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكاريى سه‌ربازى و ئه‌منى بۆيان؛ به‌رده‌وام ده‌بێت.

تەوەرێکی ديكه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی گرژییەکان بوو، تيايدا هەردوولا لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تيرۆر، هاوڕا بوون.