سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە ناوچەکەدا کردەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئایار، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ڤاتیکان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ڤاتیکان، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و دۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە ناوچەکەدا کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ڤاتیکان لە برەودان بە ئاشتی و سەقامگیری دووپات کردەوە. لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەکی زیندوو و سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا.
تەوەرێکی ديكهى کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتە مرۆیییەکانی گرژی و ئاڵۆزییەکان. لهمبارهيهوه هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری له ناوچهكهدا.

