بەشی دووەم و کۆتایی
بەڵگەنامەی ژمارە FO371/7771، لە بەرواری 27/7/1922، نامەیەکی وەزیری کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا، وینستن چەرچڵ. ئەم نامەیە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ناوچە کوردستانییەکان و کوردستان بەشێک نەبوون لە دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراق. لە بڕگەی دووەمدا چەرچڵ دەڵێت “ئێمە نامانەوێت خەڵکی باشووری کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی شا فەیسەڵدا، ناچار بکەین بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، ئەوان ئازادن بەشداری بکەن یان نا”. لە بڕگەی حەوتەمدا دەڵێت “هیچ بەدیلێکی دیاریکراو نییە بۆ گەلی کوردستان ئەگەر ملکەچی حکومەتی عێراق نەبن و ڕاستەوخۆ بچنە ناو حکومەتی عێراقەوە”. نامەکە لە بڕگەی دەیەمدا درێژەی هەیە و دەڵێت “ئەگەر ئەو ناوچانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە پێیان باش بێت بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، کوردستان بەپێی ئەو دێڕە پێشنیارکراوانەی کە لە نامەکەی مەیجر یۆنگ لە 21/11/1921دا هاتووە، ڕێکدەخرێت”.ئەگەر تەنها قەزا کوردییەکانی پارێزگای موسڵ بەشداری نەکەن، ئەوا مامەڵە لەگەڵ دوو پارێزگاکەی تر و هەولێر دەکرێت وەک ئەوەی لە نامەکەی مەیجر یۆنگدا پێشنیاز کراوە. ئەگەر کەرکوک و سلێمانی بەشداری نەکەن، ئەوا کەرکوک دەخرێتە سەر هەمان ئاستی سلێمانی. ئەم بڕگەیە ئەوە دەگەیەنێت کە کەرکوک بەشێکە لە کوردستان، هەروەک چەرچڵ لە بڕگەی دووەمی نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نابێت خەڵکی کوردستان ناچار بکرێن بەشداری هەڵبژاردن بکەن و لە بڕگەی دەیەمیشدا پێناسەی ناوچە کوردستانییەکانی کردووە. لە بڕگەی یازدەهەمدا جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت هیچ بەرپرسێکی عەرەب لەو ناوچانە دابنرێت، هەروەها زمانی عەرەبی بە ناچاری بەکارنەهێنرێت، تەنانەت ئەگەر هەموو ناوچە کوردستانییەکان بەشداری هەڵبژاردنیش بکەن. هەروەها ڕێژەیەکی بەرفراوانی ئۆتۆنۆمی بە کورد و تورکمان و ئاشووری بدرێت کە دانیشتوانی ناوچەکە پێکدەهێنن.
– لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا پڕۆسەی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان لە شارەکانی موسڵ و کەرکوک و دیالە بە لکاندنی قەزا و شارە کوردییەکانی ئەو قایمقامیەتانە بە قایمقامیەتەکانی ترەوە یان دروستکردنی قایمقامیەتی نوێ دەستیپێکرد، وەک لە بەڵگەنامەیەکدا لە بەرواری 12ی ئایاری 1944دا دەبینین، پێشنیارێک بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ پێکهێنانی لیوایەک لە قەزا کوردییەکانی باکوور لە موسڵ و لکاندنی بەشێک لە ناحیە کوردییەکانی دیالە بە یەکێک لە لیواکانی باکورەوە یان بۆ پێکهێنانی لیوایەکی تر لەو ناوچانە و هەندێک ناوچەی کوردستانی لە باکووری کەرکوک.
بەڵگەنامەی ژمارە 67/90310/36/52، لە بەرواری 21ی ئایاری 1952، تایبەتە بە سەردانی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا بۆ شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر، لە 10-13ی ئایاری 1952. بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، ئامانجی سەردانەکە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەو شارانە بووە دوای سەردانەکەی باڵیۆز بۆ چواردە پارێزگاکانی عێراق. لە نامەکەیدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، باڵیۆز باس لەوە دەکات کە کاریگەریی ئەو لەسەر بارودۆخی نائاسایی لەنێو گروپە جیاوازەکانی ئەو شارانەدا ئەوە بووە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی غەیرە عەرەب بوون (سێ لەسەر چوار ملیۆن، ٧٥٠ هەزار کورد) کە لەو ناوچەیە دەوڵەمەندە بە نەوت و دانەوێڵە دەژین. جگە لە کورد، ٧٥ هەزار تورکمان لە کەرکوک و ناوچەی موسڵ نیشتەجێ بوون. سێ لەسەر چواری کۆی دانیشتوانی عێراق لە ڕووی نەتەوەیی و زمانەوە جیاواز بوون لەگەڵ دانیشتوانی نیشتمانی. (ئەم ئامارە کاتێک وەرگیراوە کە کۆی دانیشتوانی عێراق نزیکەی ٤ ملیۆن کەس بووە.) لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، هەرێمی باکوور بۆ عێراق شتێکی ژیانییە و زۆر گرنگە.
بەڵگەنامەی ژمارە ١٨٩٩/١٢/٦٥، بەرواری ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥، سەبارەت بە سەردانی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا بۆ کەرکوک لە ٥-٧ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥، بڕگەی هەشتەم، لە نامەکەیدا بۆ فەرمانگەی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: “ناتوانم باسی ئەو هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانە بکەم دژی کورد ئەنجام دەدرێن. فەرماندەی فیرقەی دوو بۆی ڕوونکردمەو مرۆڤ هەست دەکات کە بارودۆخی کەرکوک پشێوە. گوندەکان کە یەک یان دوو میل لە کەرکوکەوە دوورن، تۆپباران دەکرێن و بە بلدۆزەر دەروخێنرێن، بەروبوومەکان دەسوتێنرێن و ژن و پیاو و منداڵی گوندەکان بەر هێرشی مووشەکی دەکەون. ڕۆژانە فڕۆکەی هانتەر و ئیلیوشینم بینی کە بەسەر کەرکوکدا دەسوڕانەوە، تانک و زرێپۆشەکانیش بەرەو باکور و ڕۆژهەڵات دەڕۆن. بە فەرمانی قایمقام و بەرپرسانی دیکەی قەزا و ناحیەکان کە هیچ ئاوارەیەکی کورد لە شارەکانیان وەرنەگرن و بەشێکی زۆر لە کوردانی کەرکووک ئاوارە بوون. بەپێی مادەی دووەم بڕگەی چوارەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کارانەی حکومەتی عێراق کۆمەڵکوژی پێکدەهێنن.
بەڵگەنامەی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی هۆڵەندی لە کوردستان لە 12/15/1975دا هاتووە، بارودۆخی ئێستا لەبارترە بۆ حکوومەتی عێراق بۆ بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان. لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی ئۆتۆنۆمی لە باکووری عێراق، سەدان گوندی کوردی لە دانیشتوانی کوردیان بەتاڵ کراون، عەرەبیش لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ کراون، یان ئەو گوندانە کراون بە سەربازگە و ناوچەی سەربازی. نموونەی ئەمەش بریتین لە:
* لە پارێزگای دیالە، لە ناوچەکانی جەلاولە، خانەقین و قەرە تەبە، نزیک سنووری ئێران، دانیشتوانی زیاتر لە پەنجا گوند ئاوارەبوون، دانیشتوانی ناوچەی مەندەلی، ڕۆژهەڵاتی دیالە، نزیک سنوور، ئاوارە بوون.
* لە پارێزگای کەرکوک دانیشتوانی زۆربەی گوندەکانی کفری، توز، داودە، شوان، دبس، داقوق، و گوندەکانی دەوروبەری خودی شاری کەرکوک ئاوارە بوون. (نزیکەی ٤٠ گوند).
* لە پارێزگای نەینەوا (موسڵ) دانیشتوانی زۆرێک لە گوندەکانی شەنگال، تەلعەفەر، زوممار، شێخان، ئاکرێ، و دەوربەری مووسڵ ئاوارە بوون.
لە سێ پارێزگا ناوچەی ئۆتۆنۆمی زۆربەی گوندەکان بە زۆر گواسترانەوە بۆ شوێنی نوێ کە لە ڕێگا سەرەکییەکان نزیکتر بوون. ئەمەش ئاسانکاری بۆ دەستگیرکردن دەکات و ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئاسانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان دەدات. ئەم گواستنەوەیە زۆرەملێیانە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی بە تایبەتی لە ناوچەکانی سێمێل و زاخۆ و مەخموور و قەندینەوێ و هەڵەبجە و پێنجوێن کەندیناوە. بەعەرەبکردن، واتە گۆڕینی کورد بە عەرەب، لە سەرانسەری کوردستاندا جێبەجێ کرا.
زۆرێک لەو پەنابەرە کوردانەی کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە، ڕەوانەی باشووری عێراق کران، بۆ شاری دیوانیە و شارەکانی دیکە، و لە کەمپەکانی سەرایف نیشتەجێ کرابوون، و ڕێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان.
– لە هەندێک ناوچەی دەرەوەی هەرێمی ئۆتۆنۆمی (خانەقین لە پارێزگای دیالە و شنگال لە پارێزگای موسڵ) ، قوتابخانەی کوردی بە قوتابخانەی عەرەبی گۆڕدراون، هەروەها ڕێگە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی نادرێت، سەرەڕای ئەوەی لە ریککەوتنی ئادار دامەرجی بەکارهێنانی بۆ دانراوە
– منداڵانی کورد لە باشووری عێراق لە مافی خوێندنی زمانی کوردی بێبەش دەکرێن، سەرەڕای ئەوەی لە رێککەوتنی ئادار دا هاتووە کە زمانی کوردی دووەم زمانی فەرمی وڵاتەکەیە.
– ڕێکخراوە کوردییەکان و حزبانەی بوونیان هەیە بەشێکن لە حزبی بەعس و ئاراستەکانی.
– ناوچە کوردنشینەکانی نەینەوا و کەرکوک و دیالە بەشێک نین لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان.
– داوا لە نەتەوە ئایینییە؛انی کریستیان و جوولەکەکان کرا کە نەتەوەی خۆیان وەک عەرەب تۆمار بکەن و لە چوارچێوەی حزبی بەعسدا کار بکەن.
حکومەتی عێراق هەوڵی کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد دەدات. حکوومەت ژمارەی دانیشتووانی کورد بە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس دەخەمڵێنێت، لە کاتێکدا ژمارەی ڕاستەقینەی کورد لە عێراقدا 3 ملیۆن کەسە، بەرامبەر 7 ملیۆن و 500 هەزار عەرەب.

