ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزەپرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆرانی لە شاری سۆران کردەوە.
دوای کردنەوەی پڕۆژەکە، سەرۆکی حکومەت وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە قۆناخێكە و قۆناخەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین.
ئەمەش دەقی وتەکەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەكەین بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی تر، كە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست كراوە، ماوەیەكە پلانی بۆ داڕێژراوە و كاری تێدا دەكرێت و سوپاس بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پرۆژەیە دەكەینەوە و دەیخەینە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان، بە تایبەتی دانیشتووانی شاری سۆران و دەوروبەری.
لەو ماوەیەی ڕابردوودا بینیمان دۆخێكی زۆر نالەبار لە كوردستان و عێراق هەبوو، خەڵك زۆر لە دڵەڕاوکێدا بوون لەوەی كە چی ڕوودەدات، بەڵام ئەمانە هیچیان نەیانهێشت كە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە هەموو ئان و ساتێكدا. بیرمە كاتی خۆیشی كە شەڕی داعش بوو، دیسان پڕۆژەكان هەر بەردەوام بوون. لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتكردن ناوەستین و هیوادارین بەردەوام بین لەوەی كە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین لە هەموو بوارەكاندا.
من پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەكەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە، كە ئەمە قۆناغێكە و قۆناغەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین. دەستخۆشیی لە (كاڤین گرووپ) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك دروستیان كردووە.
وەكوو هەر جار دیسان دووپاتی دەكەمەوە كە ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش كردووە ئەمەیە كە توانای ناوخۆیی وایكردووە ئێمە بتوانین پرۆژەی وا جوان و ڕێكوپێك جێبەجێ بكەین لەسەر ئاستی كوردستان لە هەموو ناوچەكاندا.
جارێكی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ناوچەكە دەكەم و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پاڵپشتییان، بۆ پشتیوانییان، بۆ متمانەبەخشینیان بە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بین.
بابەتێكی تر هەبوو حەزم دەكرد عەرزی ئێوەی بەڕێز بكەم، بەداخەوە لەم ماوەیەی ڕابردوو بینیمان كە هەندێك ڕووداوی نەخوازراو و ناخۆش ڕوویان دا، بە تایبەتی لەم دواییە ئۆتۆمبێلێك بە سێ سەرنشین گەنج و منداڵەوە كەوتنە ناو ڕووبار و خنكان. ئەمە چەند حاڵەتێكە كە لەم دەڤەرە ڕوودەدات و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەڕاستی دڵمان دێشێ كە دەبینین كەسانێك، ئازیزانی خۆیان لە دەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە هێزەكانی بەرگریی شارستانی بكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونییان، بۆ بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكان كە بەڕاستی زۆر زۆر خۆیان ماندوو كرد، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم، سەرهخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەم. داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن، هەم ڕێنمایيی هاتوچۆ و هەم ئەو ڕێنماییانەی كە پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێن لەوەی كە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی كە گونجاو نین بۆ سەیران یان دەچنە سەر لێواری ڕووبار كە جێی مەترسین. ئەمانە هەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خۆتانە، داواكارم پابەندی ڕێنماییەكانی حكومەت بن و دڵنیا بن كە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك دەكات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن.
ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكومەتی فیدرالی لە بەغداش دەست پێدەكات، ئێمە تەمەننای سەركەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین، هیوادارین سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانی حكومەتی خۆی و ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حكومەتێكی فیدرال دروست بكرێ و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێن. بەشداریی ئێمە لە حكومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە كە داكۆكی لە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان و مافەكانی خەڵكی عێراق و جێبەجێكردنی دەستوور بكەین وەكوو خۆی.
بەشداریی ئێمە بەشدارییەكی كارا دەبێت و هەوڵ دەدەین كە پەیوەندییەكانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێكی بەرزدا بن. هیوادارم ئەمە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی كوردستانیش پەرلەمان كارا بكەینەوە و دواتر هەنگاوەكانی تریش دەست پێ بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت و بكەوینەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان جارێكی تر.
دەستخۆشیی لە هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبارەی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم گوتی:
ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین كە هەموو دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان كارا بن و ڕێز لە ڕا و بیروبۆچوونەكانی خەڵكی كوردستان بگیرێت. هەڵبژاردن كراوە بە مەبەستێك خەڵك متمانەی بە لایەنەكان داوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەش بتوانن بە ئەمانەتەوە ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە ببنەوە و لە خزمەتی خەڵكەكەدا بن، بۆیە پێمان باشە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە لەگەڵیدا بووین، پێكهێنانی حكومەت هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە حكومەت زوو پێك بێت. هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بگەنە ئەو قەناعەتە كە پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و لە ئەنجامدا لە خزمەتی خۆشیاندایە.
سەرۆکی حکومەت لەبارەی ئەوەی چاوەڕوانیی چییان لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەیە گوتی: داوا دەكەین دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، مافەكانی كوردستان چیتر پێشێل نەكرێت، خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا بە چاوێكی یەكسان ئەنجام بدرێ و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن بەرنامەیەكی تۆكمەیان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن.

