ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر دانیشتووانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەستگیر کردووە.
ڕۆژی شەممە 9ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی لە لایەن دانیشتووانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، کەسێک بە هەڵگرتنی چەک و نارنجۆک و بەکارهێنانی (سەگ) لە جۆری (k9) ، بووەتە هۆکاری بێزاری و مەترسی و دڵەڕاوکێی دانیشتووانی ئەو پڕۆژەیە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، دەستبەجێ تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کراوە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبار(گ، ع، أ) بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیر کراوە و دەستیش بەسەر چەکەکەیدا گیراوە. لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارەکە ئاراستەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

