رۆژنامەی ھەولێر

راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بگەڕێتەوە بەغدا بۆ سەر كار و چالاكییەكانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

فڕاكسیۆنی پارتی ئەمشەو چوارشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

فڕاكسیۆنی پارتی هەروەها رایگەیاند: ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لەنێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان.

دووپاتیشی كردەوە كە “هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لەنێوانیشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان”.

دەقی راگەیەندراوەكەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران:-

پاڵپشت بەو متمانە نیشتمانییەی گەلەکەمان پێی بەخشیوین، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی و هەڵوێستە سیاسییەکانمان لە پڕۆسەی یاسادانان و چاودێریدا، ئامرازێک بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێویشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان، هاوكات بۆ چەسپاندنی پایەکانی هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

لێرەوە بە رای گشتی رادەگەیەنین، دوای دروستبوونی لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت و شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پارتیمان و لە درێژەی ئەم هەوڵانەشدا سەردانی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی، فراکسیۆنەکەمان بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار و چالاکییە پەرلەمانییەکانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەم گەڕانەوەیەمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانییەوە دێت، تاوەکو لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بکەین کە تایبەتن بە دابینکردنی مافە دەستووری، یاسایی و داراییەکان. هاوكات دووپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردندا دەبین بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و لە نێوانیشیاندا مافە رەواکانی گەلی کوردستان.