رۆژنامەی ھەولێر

مەلامستەفا بارزانی هاوسۆزیی سەرۆک بارزانی دەگەیەنێتە بنەماڵەی لاوەند خورشید

پاش دۆزینەوەی تەرمی (لاوەند خورشید)، یەکێک لە قوربانیانی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی گەلی عەلی بەگ، مەلامستەفا بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ باوکی کۆچکردوو ئەنجامدا و هاوسۆزی و سەرەخۆشیی جەنابی سەرۆک بارزانی پێ گەیاندن.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مەلامستەفا بارزانی وێڕای گەیاندنی پەیامی هاوخەمیی جەنابی سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: خۆمان بە هاوبەشی ڕاستەقینەی ئەم خەمە گەورەیە دەزانین. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بە پەرۆشێکی زۆرەوە و لە نزیکەوە چاودێری هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووانی تری ڕووداوەکە دەکەن.

هەر لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەدا، مەلا مستەفا بارزانی ستایشی ماندووبوون و دڵسۆزیی تیمەکانی بەرگری شارستانی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەموو ئەو خەڵکە خۆبەخشە نیشتمانپەروەرەی کرد کە لە ئەرکی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی لاوەند خورشید دا بەشداربوون.

لە کۆتاییدا، مەلامستەفا بارزانی جەختی لە دابینکردنی هەموو پشتیوانی و پێداویستییەک کردەوە بۆ خێراترکردن و چڕکردنەوەی پرۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووانی تری ڕووداوەکە، بەو ئومێدەی لە نزیکترین کاتدا تەرمەکانیان بدۆزرێنەوە و خێزانەکانیان ئارام ببنەوە.