رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵى کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی سیاسیی وڵات و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵى تاوتوێ کران. جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکان کرایەوە، بە شێوەیەک کە حکوومەتی داهاتوو تەواوکەری هەوڵه‌كان بێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و برەودان بە لێکگەیشتنی نێوان لایەنەکان.

هەروەها هەردوولا باسیان لە کار و چالاکییەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە ماوەی ڕابردوودا کرد. نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی بەڕێز ئەلسوودانی کرد و جەخت لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێكگه‌يشتنانه‌ کرایەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان بەدی هاتوون.

تەوەرێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژی و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە سەروەریی وڵات و بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بێت