رۆژنامەی ھەولێر

ئابووریی توركیا و هەڵبژاردن

كارزان گلی – هه‌ولێر
ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە، رەتی دەكەنەوە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئابووریناسانیش باس لەوە دەكەن، تا رەوشی ئابووری بەو شێوەیە بێت، توركیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەخۆیەوە نابینێت.

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە میتێنگ و دیمانەكانیدا داوا دەكات توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، فشارێكی زۆر لەسەر شارەوانییەكانی جەهەپەیە و تاوەكوو ئێستا ٢٠ سەرۆك شارەوانییان لێ قەیوم كراوە و بەشێكی زۆریشیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كراون.
ئۆزەل ئاماژەی داوە، ئەوان ئامادەكارییان كردووە و زۆر مکوڕن لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، وەكوو وەڵامێك بۆ ئۆزەل لە وتارێكدا لە بەردەم گروپی پارتەكەی لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی: ”هەڵبژاردن بوونی نییە، لە كاتی خۆیدا دەكرێت.“
ئەگەر هەڵبژاردنی لە كاتی خۆیدا بكرێت ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوا دەكات لە مانگی ١١ی ئەمساڵ بکرێت.
بەگوێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆری شرۆڤەكارانی سیاسەت و ئابووری، رەوشی توركیا لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپە، ئەگەر بەم حاڵە بچنە ناو هەڵبژاردنەوە بەدڵنیاییەوە ئاكەپە هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت، بۆیە تا رەوشی ئابووریی باش نەبێت هەڵبژاردن بوونی نییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە رەوشی ئابووریی باش بكات و هەڵاوسانی ئابووری بگەیەنێتە ١٠٪، ئەوكات توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
بە گوێرەی دەزگاكانی راپرسی توركیا بێت، ئاكەپە و مەهەپە، بەم حاڵەی ئێستا بچنە ناو هەڵبژاردن زۆرینەی پەرلەمان لەدەست دەدەن، بەڵام بۆ بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی باباتەكە جیاوازە، چونكە دەم پارتی بەهۆی پرسی چارەسەرییەوە لە ئاكەپە و مەهەپە نزیكە، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە لە هەڵبژاردندا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، عەبدوڵا ئۆجەلان، بە نهێنی داوای لە دەم پارتی كردووە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێویستە دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، واتە نەچنە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێریان نەبێت و دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.
ئەگەر دەم پارتی بڕیار بدات دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، بەئەگەرێكی زۆرەوە ئەردۆغان دەتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵام كێشەیەكی یاسایی رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەویش هەمواركردنەوەی دەستوورە، واتە ئەگەر هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بكرێت، دەبێت دەستوور هەموار بكرێتەوە تا ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربەربژێر، بۆ ئەمەشیان هەر پێویستی بە دەم پارتییە، چونكە تەنیا بەدەنگی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا دەتوانێت دەستوور هەموار بكاتەوە، واتە بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتار دەستوور هەموار دەكرێتەوە و ئەوكات ئەردۆغان دەتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر.