رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژی جیهانیی سەما

فەیسەڵ شێخانی

ئەمڕۆ، بە بۆنەی ڕێکەوتی ٢٩ــی نیسان واتە ڕۆژی جیهانیی سەماوە، تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر بە سێ تابلۆ وەرزی نوێی کار و چالاکییەکانی خۆی نمایش دەکات، بە بەشداری تیپەکانی (ئارمانج عەفرین – تیپی هونەرە میللییەکانی سریانی) ڕۆژی ٢٩ی نیسان، لە رۆژژمێری جیهانیدا تایبەت كراوە بە ڕۆژی سەما لە جیهاندا، كە لای زۆربەی نەتەوەكانی دنیا هەریەكەو بە شێواز و نەریتی خۆی ئەم یادە دەكرێتەوە، ئەم رۆژ و یادە لەسەر راسپاردە و بڕیاری رێكخراوی یونسكۆ، لە رۆژی ٢٩ی نیسانی هەموو ساڵێك، وەك رۆژی جیهانیی سەما دیاری كراوە، دیاریكردنی رۆژەكەش لەسەر رێكەوتی لەدایكبوونی سەماكاری فەرەنسی (ژان جۆرج نۆڤێر) بووە، كە لە ٢٩ی نیسانی ١٧٢٧ لەدایك بووە.

هەر وڵات و نەتەوەیەك شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە لە پەیڕەوكردنی بالێ، یان سەما، یاخود شایی و هەڵپەڕكێ، تەنانەت لەنێو هەندێ نەتەوەدا وەك سرووتی ئایینی یان دەربڕینی سەركەوتن لە جەنگ یاخود وەك شینگێڕی، یانیش لە كاری هەرەوەزی و دەستەجەمعیدا گوزارشتی لێ دەكرێت، هەریەكەو بەگوێرەی داب و نەریت و ڕێوڕەسمەكانی خۆیان.
نەوزاد تەها، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رۆژنامەی “هەولێر”ـدا ئەوەی خستەڕوو: “لە كوردەواریدا ئەم هونەرە وەك هەڵپەڕكێ و شایی پەیڕەو كراوە و ڕەواجی پێدراوە، لەمەشدا چەندین شێواز و گوزارشت هەن، وەك جووڵەی چوونە مەیدان و جەنگ و دەربڕینی سەركەوتن، یان شینگێڕان بۆ شەهید و گیانبەختكردووان، یان كاری هەرەوەزی و هەڵگرتنەوەی بەروبوومەكان، تەنانەت بەڕێوەچوونی سرووتە ئایینییەكان و پەیڕەوكاری زۆر لە تەكیە و خانەقاكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویشیاندا كوردستان، سرووتی تایبەت بە شێوازی سەما ئەنجام دەدرێن و ئەو جووڵە تایبەتانەی دەروێشان و موریدان لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكان بەتایبەتیش لە ناوچەی هەوراماندا دیمەنی تەواو كوردانەیان بەو شێوازە لە هونەر داوە.
گوتیشی: “هەرچی سەبارەت بە بەشی هونەرە میللییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێرە، ئێمە گرووپ و تیپی تایبەتمان هەیە بە هەڵپەڕكێ و لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانی و لە فێستیڤاڵەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا بەشداریی دەكەین و نماییشەكانمان هەڵقووڵاوی ئەو سرووت و داستان و مێژووە كوردییانەن، كە لە باوانمانەوە بۆمان هاتووە. ئەمەش نەك هەر بۆ كورد، بەڵكوو لە كۆی مرۆڤایەتیدا پەیڕەو كراوە و بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییەكانیش بە نووسین و وێنەی هەڵكۆڵدراو لەسەر بەرد ئەوەی روون كردووەتەوە.