رۆژنامەی ھەولێر

مایەسیری لە کاتی دووگیانیدا

ماكوان عیزەت -هەولێر

مایەسیری یەکێکە لەو نەخۆشیانەی لەناو خانماندا بەراورد بە پیاوان باوترە. هەرچەندە ئەم حاڵەتە وەک نەخۆشییەکی مەترسیدار و کوشندە پۆلێن ناکرێت، بەڵام گرفتێکی بێزارکەر و بەئازارە، بەتایبەتی کاتێک خانمەکە لە قۆناغی دووگیانیدا بێت.

بۆچی ئافرەتانی دووگیان تووشی مایەسیری دەبن؟
بەشێکی زۆری خانمان لە ماوەی دووگیانیدا ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە. دکتۆر ئەوین بایز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، غودەی دەرەقی، مایەسیری، کۆئەندامی هەرس و جگەر، لەم بارەیەوە دەڵێت:
“مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی موولولەکانی خوێن لە دەوری کۆم؛ دەکرێت لە ناوەوەی کۆم بێت و نەبینرێت، یاخود لە دەرەوە بێت. ئەمە حاڵەتێکی زۆر باوە، بە جۆرێک لە هەر چوار ئافرەتی دووگیان، یەکێکیان تووشی دەبێت.”
بە گوتەی دکتۆرە ئەوین، هۆکاری زیادبوونی ئەگەری توشبوون لە کاتی سکپڕیدا دەگەڕێتەوە بۆ:
• پەستانی منداڵدان: گەورەبوونی منداڵدان و گەشەکردنی کۆرپە پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر خوێنهێنەرەکانی حەوز و کۆم.
• زیادبوونی سوڕی خوێن: زیادبوونی هاتووچۆی خوێن لە دەمارەکاندا ئەگەری هەڵئاوسان زیاتر دەکات.
• قەبزی: زۆربەی خانمانی دووگیان تووشی قەبزی دەبن، ئەمەش وادەکات لە کاتی ئاودەسکردندا زۆر بۆ خۆیان بهێنن کە هۆکاری سەرەکیی پەیدایشتی مایەسیرییە.
لە بارەی ئەوەی کەی مەترسییەکە زیاتر دەبێت؟ دکتۆر ئەوین ئاماژە بەوە دەکات کە خانمان زیاتر لە سێیەکی دووەم و سێیەکی کۆتایی ماوەی دووگیانییەکەیاندا تووشی ئەم گرفتە دەبن، ئەمەش بەهۆی گەورەبوونی زیاتری قەبارەی منداڵدان و گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان.

ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەر
بۆ کەمکردنەوەی ئازار و چارەسەرکردنی حاڵەتەکە، ئەو پزیشکە پسپۆڕە چەند ڕێگەیەک پێشنیار دەکات:
1. گۆڕینی شێوازی ژیان: خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ (وەک سەوزە و میوە) و خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو بۆ ڕێگریکردن لە قەبزی.
2. بەکارهێنانی ساردکەرەوە: دانانی پەکی بەستوو (کۆمپریس) لەسەر شوێنی ئازارەکە بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان.
3. حەمامی گەرم: دانیشتن لەناو ئاوی گەرمدا دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی ماسوولکەکان و کەمکردنەوەی ئازار.
4. چارەسەری دەرمانی: بەکارهێنانی دەرمانی نەرمکەرەوەی پیسایی، کرێمی تایبەت بە مایەسیری و دەرمانی ئازارشکێن (بە ڕەزامەندیی پزیشک).
ئەگەر حاڵەتەکە بەمانە باشتر نەبوو، ڕەنگە پاش منداڵبوون پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت.
دکتۆر ئەوین بایز جەخت دەکاتەوە کە پێویستە خانمان لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکانی مایەسیری، یان بینینی خوێن لەگەڵ پیساییدا، بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو و ڕێگەگرتن لە خراپتربوونی حاڵەتەکە.