رۆژنامەی ھەولێر

پاشماوەی گەشتیاران سروشت و ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکانی شێواندووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پاشماوەی گەشتیاران سروشت و ژینگە جوانەکەی ناوچە گەشتیارییەکانی تەواو شێواندووە، لە ھەر ڕێگە و گۆشە و قەراغێک دەڕوانیت، پاشماوەی گەشتیاران فڕێ دراوە، ژینگەپارێزان و بەرپرسان، دەڵێن: ئەم جۆرە ڕەفتارانە بوونە بە دیاردە، ساڵانە و لە وەرزی گەشت و سەیراندا دووبارە دەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پاک ڕاگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە.

بۆ ئەو ڕاپۆرتە بەدواداچوومان لە چەند ناوچەیەکی گەشتیاری پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کرد، بەگشتی لە ھەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە بەدی دەکرێت، کە گەشتیاران پاشماوەکانیان لە پاش خۆیان بەجێ دێڵن، ئەو پاشماوانەش سەدان ساڵی پێویستە تا شی دەبێتەوە.
پاراستنی ژینگە بە تەنیا کاری حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە نییە، بەڵکو ئەرکە گرنگەکە لەسەر شانی ھاووڵاتییانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ھاووڵاتییان ھەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و دەڵێن پاک ڕاگرتنی ژینگە کارێکی شارستانییە و داوا دەکەن ئەوانەی ژینگە پیس دەکەن ئێدی ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.
پاک ڕاگرتنی ژینگە کارێکی گرنگە، بەڵام پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان دووھێندە گرنگترە، چونکە سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکان بۆ خزمەتی ھاووڵاتییانە، بۆیە ھەرخودی گەشتییاران داواکارن و ھیواخوازن ئەو کەسانەی دێنە شوێنە گەشتیارییەکان کاری لە پێشینەیان پێش گەشتەکەیان پاک ڕاگرتنی ژینگەکەی بێت.
بەشێک لە گەشتیاران دەڵێن، ھەندێک شوێنی گەشتیاری ئەوەندە پیس بوونە، پێش ئەوەی شتەکانی خۆمان بێنینە خوارەوە دەوروبەرمان پاک کردووەتەوە، پاشان لێی دانیشتووینە، ئەو ھەموو پاشماوەیە تەواو بێزاری کردووین.
ئەو گەشتیارانە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پێویستە گەشتیاران ڕۆشنبیری ژینگەپارێزیان لابێت کاتێک کە سەردانی ناوچەیەک دەکەن، دوای جێھێشتی شوێنەکەیان پاک بکەنەوە و ئەو زبڵ و کەلوپەلەی کە دەمێنێتەوە لەناو نایلۆن بکەن و لە شوێنی پێویست فڕێ بدەن، چونکە ژینگەپارێزان ناتوانن ھەموو شوێنەکان پاک بکەنەوە. ژینگەپارێزانیش، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم دیمەنەی ژینگە و سەیرانگەکان زۆر ناشیرینە، بۆیە داوا لە گەشتیاران دەکەین کە دەچن بۆ گەشت و سەیران ھەرچی لە دوای خۆیان دەمێنێتەوە، لە عەلاگە بکەن و دواتر ئێمە فڕێ دەدەین، یان لەگەڵ خۆیان ببەن و لە شوێنی دیاریکراو فڕێ بدەن، چونکە لە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان قەفەزی فڕێدانی پاشماوەکان دروست کراوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ژینگەی ئەو شوێنەی بۆ دەچن پیس نەکەن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ژینگە و دارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڵاویکردووەتەوە، لە گشت بەش و بنکەکان ھەڵساون بە دابەشکردنی زبل و خاشاک بەسەر گەشتیاراندا، ئەو ھەڵمەتەش لە تەواوی قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، کە ئەو نایلۆنانە لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی سۆرانەوە دابینکرا بوون، لەو ھەڵمەتەدا، ھاووڵاتییان و گەشتیاران ئاگادار کرانەوە بەپێی ڕێنماییەکان سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکان بپارێزن.
بەھۆی کەمتەرخەمی بەشێک لە گەشتیاران، ژینگەپارێزان باجەکەی دەدەن، دەبێت زیاتر لە ڕۆژانی ئاسایی لە ئەرکدا بن. ڕۆژانە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لە پێناو خاوێن ڕاگرتنی سەیرانگەکان و پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان، ھەڵمەت بۆ پاک و خاوێن ڕاگرتنی سەیرانگەکان بەرێوەدەچێت. بەشێک لە بەرپرسان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونی دەکەنەوە، پاک ڕاگرتن و پارێزگاریکردنی ژینگە بەشێکە لە بیرکردنەوە و کەسایەتیی ئەو کەسانەی کە دەچنە سەیرانگەکان، ئەوەی دەچێتە سەیرانگەکان مرۆڤە، ئەوەی پیسیشی دەکات ھەر مرۆڤە، بۆیە پەیامی ئێمە بۆ ئەو کەسانەی کە دەچنە گەشت و سەیران یاخود شوێنە گشتییەکان یان شوێنی کارەکەی بە خاوێنی ڕایگرن، ئەگەر بە خاوێنی ئەو شوێنەی بۆی دەچێت پاک ڕانەگرێت، کەواتە ئەو مرۆڤە ھیچ خۆشەیستی بۆ کار و ماڵ خاک و نیشتمان نییە، ھەروەھا بابەتی ژینگە بابەتێکە ئەخلاقی و ئایینی و مرۆییە، لە ھەموو ئایینەکاندا بابەتی پاک و خاوێنی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان.