رۆژنامەی ھەولێر

ئامادەکاری و پرۆژە خێراکانی حکوومەت هەولێری لە مەترسییەکانی زۆری بارانبارین پاراست

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی لە وەزارەتی گواستنەوە گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەش و هەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە، بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی کەشناسی، ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێم هەور دەبێت و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا شەپۆلەکە چالاک دەبێتەوە، هاوکات بارانبارین بە شێوەی لێزمەباران و هەورەبرووسکە دەبێت و لە هەندێک کاتدا ئەگەری تەزرەبارین هەیە.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، بارانەکە زیاتر ناوچەکانی باکووری هەولێر، دەوروبەری کۆیە، ئیدارەی سۆران، مێرگەسوور و بەشەکانی رۆژهەڵاتی دهۆک (ئاکرێ، دینارتە، زاویتە) دەگرێتەوە.
هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی، بارانبارین بە شێوەی شەستەبارانی کورتخایەن دەبێت، پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و خێرایی با لە نێوان 15-30 کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت.
لە هەولێر، سلێمانی و ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بارانبارین بە شێوەی گەواڵەبارانی بەهاری” دەبێت، هاوکات ئەگەری چەند تاوە بارانێکی کورتخایەن لە کەرکووک و هەڵەبجەش هەیە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک بەرز دەبنەوە.
کەشناسی هۆشداری دەدات، ئەم شەپۆلە تایبەتمەندیی کەشی بەهاریی هەیە، واتە بڕی بارانبارین لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر زۆر جیاواز دەبێت و ئەگەری هەورەبرووسکە و زیادبوونی خێرایی با لە ئارادایە.

جێگای ئاماهە پێکردنە، بەهۆی پرۆژە خێراکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانەوە، ئەمساڵ هەولێری پایتەخت روانی زستانێکی بێ گرفت و کارەسات بەڕێ بکات، لە کاتێکدا ئاستی بارانبارین نموونەیی بووە و ڕیکۆردی زۆربەی ساڵانی ڕابردووی شکاندووە.