رۆژنامەی ھەولێر

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی ڕیککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستانن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەوەتەی ئاگربەستی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەنراوە شەڕ و هێرشی مووشەکی و درۆنی لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەستاوە جگە لە هەرێمی کوردستان. هێرشەکان لەسەردەمی ئاگربەستدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

هەر لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگەکە هەرێمی کوردستان لە لایەک لە لایەن ئێران و لە لایەکی دیکە لە لایەن گرووپەکانی ناسراو بە بەرەی مقاوەمە ئامانجی هێرشەکان بووە و بەداخەوە لەو ماوەیەدا لانی کەم بیست کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەهید بوو و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لە هەموو شوێنێکی ناوچەکە چەکەکان بێدەنگ کراون، دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە ئامانجی زۆربەیان کەمپەکانی پەنابەرانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و بەهۆیەوە ژمارەیک پەنابەر و پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە کەمپێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کچێکی پێشمەرگە لە کەمپی سوورداش بەهۆی هێرشی درۆنی بە سەختی برینداربوو و دواتر بەهۆی وەرنەگرتنی بریندارەکە لە لایەن ژمارەیەک نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی سپارد کە ناڕەزایەتی ژماریەک لە چالاکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکان بەدواوە بوو.
رۆژی هەینیش جارێکی دیکە کۆمەڵێک هێرش کرانە سەر کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەم جارە کەمپەکانی حیزبی دیموکرات کرانە ئامانج و سێ ئەندامی و پێشمەرگەی پەنابەری ئەو حیزبە لە کەمپەکان شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.
ئەو هێرشانە چ لە سەردەمی جەنگی چل ڕۆژە و چ لە سەردەمی ئاگربەست لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ جۆرە هەنگاوێکیان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی نەناوە و لە چوارچێوەی هەمان ڕیککەوتنی ئەمنیی کە پێشتر لە نێوان عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستاندا واژۆ کرابوو، جوڵاونەتەوە. ئەوان بڕیاریان داوە لە چوارچێوەی خەباتی سیاسی و مەدەنی درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان بدەن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد و گوتی کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا هەر بەردەوام بوون، بەهۆی هێڕشەکان پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان”.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای کردووە رێوشوێنی کردەیی بگیرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و دەڵێت “داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی کوردستان و ژێرخانی وزە، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن”.
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە ڕاشکاوی ئەو پەیامەی بە ئێران گەیاند کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێی نەداوە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار بهێنرێن.

پێشتریش حکوومەت و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئەو دڵنیاییەیان دووپات کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە جەنگی ئێران و ئەمریکا و نایەوێت ئەو ململانێیانە بۆ هەرێم بگوازرێنەوە و ئەو هێرشانە سەرکۆنە کراون کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕەچاوی دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکەیان کردووە و لەم ڕووەوە گوێرایەڵی پەیام وداواکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون و ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدایان پێشێل نەکردووە.
پرسی کەمپەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تەنیا بیانوویەکە لای کۆماری ئیسلامی و ئەگەرنا پێشی جەنگی ئێران و ئەمریکاش ئەو کەمپانە هەر هەبوون و ژمارەیەک لە کەمپانە دامەزراندنیان بۆ دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردووی زایینی

دەگەڕێتەوە. هەر خۆی گواستنەوەی ئەو حزبانە لە سنوورەوە بۆ قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و ڕەزامەندی ئێران بووە لە چوارچێوەی کۆمەڵیک ڕێککەوتنی سیاسی و ئەمنیدا هاتوونەتە کایەوە.
ئەو کەمپانە کە ئێستا لە لایەن کۆماری ئیسلامییی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج کەمپی یاسایین و تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئاگاداریانە و سەرجەم ئەو پەنابەرانە لە لایەن ڕێکخراوی پەنابەرانەوە تۆمار کراون و بەگوێرەی و یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتیش دەبێت پارێزگارییان لێ بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر پاراستنی ئەو کەمپانە لێپرسراوێتیی یاسایی و ئەخلاقی هەیە.