رۆژنامەی ھەولێر

کاریگەریی دابونەریت لەسەر ئازادیی ئافرەت

دیانا یاسین عەلی

 

دابونەریت وەک شمشێرێکی دوودەم وایە؛ دەکرێت قەڵغان بێت بۆ پاراستنی شکۆی ئافرەت، یان زنجیرێک بێت بۆ بەستنەوەی توانا و ئازادییەکانیان. ئەوەی ڕاستییە و هەموومان لە کۆمەڵگەکەماندا دەیبینین، ئەوەیە کە مرۆڤ بە گشتی و ئافرەت بە تایبەتی، بووەتە ڕۆبۆتی دابونەریتەکان و بەپێی ئەوان دەجووڵێندرێت. کۆمەڵگە مێژوو دەجووڵێنێت، ئەمە حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژییە؛ هەر ئەمەش وای لە کارڵ مارکس کرد بڵێت: “کۆمەڵگەی هۆشیار، تاکەکان دیاری دەکات.” هەروەها کۆمەڵناسی عێراقی، عەلی وەردی دەڵێت: “تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خەوێندراوە، وەک خەوێکی موگناتیسی.” دابونەریتەکان ئەو کۆنترۆڵانەن کە مرۆڤ بە درێژایی ڕۆژەکەی دەجووڵێنن.

بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە، مامۆستا “چیمن حوسێن محەمەد” بۆ (هێلین میدیا) دەدوێت و دەڵێت: “هەموو دابونەریتێک کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە. نابێت لەگەڵ پێشکەوتن و پەرەسەندندا، کاریگەرییە نەرێنییەکان کار بکەنە سەر ئافرەت و لە کار و کردەوە بیوەستێنن؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەبێت بڕوای بە خۆی هەبێت و زیاتر پەرە بسێنێت و کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببات و بە واتای وشە ئازاد بێت، بەبێ گوێدانە قسە ڕووخێنەرەکان. ئافرەت کاتێک توانی دایک بێت و ڕۆڵی دایکایەتیی خۆی بگێڕێت و منداڵەکانی بە ئەخلاق و ئاکارێکی جوان و نیشتمانپەروەرانە پەروەردە بکات، کاتێک منداڵەکانی فێری نووسین، ڕۆشنبیری و چاکە کرد و ڕێگریی لێ کردن لە خراپە، ئەوە گەورەترین کاری کردووە، چ لە ڕوانگەی ئاینی و چ لە ڕوانگەی نیشتمانییەوە. جگە لەوەی ئافرەت نیوەی کۆمەڵگەیە، لە هەمان کاتدا قوتابخانەی فێربوونیشە.”
هەروەها خاتوو “زوحا یاسین عەلی”، خوێندکاری قۆناغی چوارەم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بۆ (هێلین میدیا) وتی: “دابونەریت یاسایەکی نەنووسراوە کە کۆمەڵگە پەیڕەویی دەکات؛ هەندێک جار پشتیوانی لە ئافرەت دەکەن و دەبنە پشتوپەنای، بەڵام زۆربەی جار بە پێچەوانەوە، بە ناوی ئاینەوە زاڵ دەبن بەسەر ئافرەتدا و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی دەکەن. جیاوازیی نێوان کوڕ و کچ دەکەن، بۆ نموونە ناهێڵن کچ بچێتە قوتابخانە و بخوێنێت، بەڵام بۆ کوڕ بە ئاسایی دەبینرێت. ناهێڵن ئافرەت تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێت و بە ناوی ‘عەیبە’ و ‘حەرام’ ڕێگری لە ئازادییەکانی دەکەن، چ لە ڕووی پۆشاک و چ لە ڕووی هەڵسوکەوتەوە. پێویستە ئێمەی ئافرەت، هەر تاکێکمان بە هۆشیارییەکی زیاترەوە ڕێگری لەم بیروباوەڕە چەوتانە بکەین و نەیەڵین ببێتە بەربەست لەبەردەم هیوا و ئاواتەکانمان، تا بتوانین لە داهاتوودا نەوەیەکی سەرکەتوو و تەندروست بنیات بنێین.”
لەکۆتاییدا، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، قورسترین گۆڕانکارییە لە بونیادی کۆمەڵگەدا. دابونەریتەکان بوونەتە کولتوور و پیرۆز کراون، چوونەتە ناخی تاکەکان و گۆڕینیان قورسە. بەڵام لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان، پێشکەشکردنی سیمیناری هۆشیاری لەناو جەماوەر و لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە، دەتوانرێت گۆڕانکاری لە دابونەریتەکاندا بکرێت. لە ئێستادا لەژێر کاریگەریی تەکنەلۆژیادا، بەشێک لە دابونەریتەکان گۆڕاون؛ لە داهاتووشدا بەهۆی کاریگەریی پەروەردە و جیهانی ئینتەرنێت، دابونەریتەکان زیاتر دەگۆڕدرێن و ئافرەت لەناو کۆمەڵگەدا ئازادتر دەبێت. بە گۆڕینی دابونەریتە چەوتەکان، بەربەستەکان کەم دەبنەوە و ئافرەتی ئازاد، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست بنیات دەنێت.