ڕائیب جادر – هەولێر
بەھۆی کردنەوەی سەرجەم دەروازەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتی فڕۆکەخانەکان جارێکی تر نرخی کەلوپەلی خۆراک ڕوو لە نزمبوونەوە دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی، دەڵێت: بەھۆی ئەو ڕێکارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرتوویەتیەبەر، جووڵەی بازرگانی زیادی کردووە، ئەوەش وا دەکات نرخی خۆراک زیاتر ھەرزان ببێت.
لە ھەرێمی کوردستان ھەر کەسێک کەرەستەی ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت، یان نرخ بەرز بکاتەوە، بە سەرپێچی تۆمار دەکرێت، سزاکەشی داخستن، سزای ماددیی و ھەندێکجاریش خاوەنەکەی دەدرێتە دادگە، لیژنەکانی قایمقامیەت لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان چاودێری نرخی شتومەک دەکەن.
چەند ڕۆژێکە، نرخی بەشێک لە ماددە خۆراکییەکان کە ھەندێکیان خواردەمەنی ڕۆژانەن وەک زەیت، برنج، ئارد، گۆشت، ھێلکە، تەنانەت نرخی سەوزە و میوەش ھەرزان بووە، ھۆکارەکەشی پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمەوە ھەیە. فرۆشیارانیش، دەڵێن، ھەرزانبوونی زۆرێک لە ماددە خۆراکییەکان، لە بەرژەوەندی ئێمەدایە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر شت گران بوو خەڵک کەمتر ڕوو لە بازاڕ دەکەن، بەڵام ئەگەر ھەرزان بێت وەکو ئێستا خەڵک زیاتر بازاڕ دەکەن.
خاوەنی بەشێک لە دووکان و مارکێتەکان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـیان گوت: کردنەوەی سەرجەم دەروازە بازرگانییەکان و کردنەوەی گەشتی ئاسمانی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کاڵا و خۆراک دەبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بەھۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیڵ لەگەڵ ئێران بەربەست بۆ ھێنانی خۆراک و کاڵا بۆ ھەرێمی کوردستان دروست ببوو، ئەوەش وای کردبوو نرخی ھەندێک لە کاڵا بەرز ببێتەوە، بەڵام لەگەڵ ھاتنی کەلوپەلی نوێ، ڕاستەوخۆ نرخی ئەو کەلوپەڵانە دادەبەزێت، ھەروەھا ھۆکارێکی دیکەی دابەزینی کەلوپەلی خۆراک، بۆ ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا دەگەڕێتەوە کە کارئاسانی زۆر بۆ بازرگانان دەکات، ئەگەر دۆلاریش بە نرخی بانکی ناوەندی بدرێت، بێگومان ھێشتا نرخی خۆراک و کاڵا زیاتر دادەبەزێت.
جووڵەی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت، ھەموو دەروازە و فڕۆکەخانەکان کراوەن، نرخی خۆراک دادەبەزێت، بەرپرسانی عەلوە و لیژنەکانی چاودێری بازاڕ، دەڵێن، جگە لە چەند بەرھەمێکی دیاریکراو نرخی سەوزە و میوە دابەزیوە. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەموو ڕێگەکان بۆ ھێنانی خۆراک و کەلوپەل کراوەنە و ڕەوشەکە بە تەواوەتی ئاسایی بۆتەوە، پێویست بەوە ناکات خەڵک خواردنی زیادە لە ماڵەوە ھەڵبگرێت و بچێت بکرێت، چونکە خواردن و کەلوپەلێکی زۆر دەکەوێتە ناو بازاڕ، ئەو کاتە نرخیان ھەرزانتر دەبێت، لە کوردستان ھیچ گرفتێکی خۆراک نییە بە زیادەوە خۆراک لە کۆگاکان ھەڵگیراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ھیچ قەیرانێکی خۆراکی نەبووە، لەو ماوەیەدا کە ھاتووچۆ کەم بوو، ئێمە ھیچ کێشەیەکی خۆراکمان نەبوو و خۆراکی پێویستمان لە کۆگاکاندا ھەبووە.
ئەوە لە کاتێکدایە بەھۆی ٣٩ ڕۆژی جەنگ، تەواوی کەلوپەلی خۆراک گران ببوو، ئەمەش ھاووڵاتییانی نیگەران کرد بوو.

