رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان خۆی سیستەمی ئەسیکۆدا بەڕێوە دەبات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان سەرجەم مافە فیدراڵییەکانی خۆی لە جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکات و ئەو سیاسەت و پلان و هەوڵانەی پێشتری عێراق کە دەیویست سیستەمەکە بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت شکستی هێنا و کوردستان چوارچێوەی ئەو مافانەی دەستوور دیاری کردووە سیستەمەکە جێبەجێ دەکات.

حکوومەتی عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا بێ ئەوەی هیچ حساب و هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت دەستی بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی گومرگی کرد. سیستەمەکە داهێنانی عێراق نییە و مۆدێلێکی جیهانیی بەڕێوەبردنی گومرگییە کە لە ناوەڕۆکدا شتێکی باشە بەڵام بۆیە هەرێمی کوردستان ڕەتی کردبووەوە چونکە بە ناڕەوا سەپێنرابوو و مافەکانی کوردستان لەبەرچاو نەگیرابوون.
هەرێمی کوردستان چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا دژی سیستەمەکە نەبووە بەڵام کێشەکەی ئەوە بوو بە جۆرێک بەزاندنی سنووری دەسەڵاتی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان لێکدرایەوە و وا خرایە ڕوو کە تەواوی سنوورە بازرگانییەکان بکەونە دەستی بەغدا و بەغدا خۆی باجەکان لە بازرگانان بستێنێت و خۆیشی بەکار بهێنێت و بە کەیفی خۆی مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ بازرگانانی کوردستان پێڕەو بکات بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور ڕاستە بەشێکە لە عێراقی فیراڵی بەڵام خۆی خاوەنی دەسەڵاتی دەستووریی تایبەت بەخۆیەتی.
حکوومەتی عێراق سەرەتا سیستەمەکەی سەپاند و بەهۆیەوە تەواوی بازرگانانی کورستانی لە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بێبەش کرد، بازرگانان لێرە زیانیان بەرکەوت و دەبوایە لە بازاڕ دۆلار بە نرخی بەرزتر بکڕن و کاڵاکانیان پێ بکڕن و هاوردەی بکەن کە دواجار لەسەر هاووڵاتییان گرانتر دەوەستا.
عێراق دواتر کێشەیەکی دیکەی بۆ بازرگانان و دەروازە بازرگانییەکانی کوردستان دروست کرد، ئەویش ئەوە بوو بە بێ کۆدی ئەسیکۆدا ڕێی نەدا هیچ بەرهەمێکی هاوردەکراو بۆ عێراق بگوازرێنەوە و داوای لە بازرگانان کرد لە بەغدا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا بازبدەن، شتێک کە هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە.
ئەو سیستەمە بە تایبەتی لە باشووری عێراق جێبەجێ کرا کە تارادەیەک گرانبوونی نرخی شتومەکی لێکوتەوە بەو باجە زۆرەی سەپاندبوویان و جۆرێک نادادپەروەری لە باجەکاندا پێڕەو کرا و نرخی بەشێک لە کاڵاکانی لە بازاڕەکانی عێراق بەرز کردەوە و تەنانەت لە چەند شارێکی عێراق ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا گەرووی هورمز بەهۆی جەنگ بە تەواوی گیرا، ئەم جارە دەروازەکانی هاوردەی عێراق زیاتر دەروازەکانی کوردستان بوون کە دەبوایە شتیان لێ هاوردە کرابا و پێداویستییەکانی هەرێم و عێراقیشیان پێ دابین کرابا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لەگەڵ بەغدا کەوتە دانوستان و لە هەشتی ئەم مانگە هەر یەک لە بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگە فیدرالییەکان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان و یاریدەدەرەكەی و ڕاوێژكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە دەستەی گشتی گومرگە فیدراڵییەكان وتیمی شارەزایانی ئۆنكتادی نێودەوڵەتی بەشدار بوون. كۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنووسی ڕێككەوتنی جێبەجێكردنی پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی گومرگی بوو لە هەرێمی كوردستان.
بڕیار درا دەستنیشانی سەرجەم بەریەككەوتنە یاساییەكان لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بکرێن، بۆئەوەی هەماهەنگی بكرێت و ڕەزامەنی فەرمییان لەبارەوە وەربگیرێت.
دەرەنجامی سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە لە هەرێمی کوردستان، تیمێكی ئەسكیۆدا تایبەت بە هەرێم دروست بكرێت و ببیت بە بەشێك لە تیمی نیشتمانی، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەرلایەك بە وردی دیاری بكرێت و گەرەنتی ئەوە بكرێت كارەكان بەبێ كێشە بەڕێوەبچن.
هاوکات بڕیار درا زمانی کوردیش بۆ سیستەمەکە زیاد بکرێت و لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. جگە لەمە ڕاهێنان بەو کارمەندانە دەکرێت کە سیستەمەکە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبەن، ئەمەش کارایی تەکنیکی باشتر دەکات و ڕێکارە ئیدارییەكان لە سەرجەم دەروازە سنورییەکان، ستاندارد دەکات.
سەرەڕای ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنانە هێشتا ماوە پرسەکە بە فەرمی لە نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی ببێتەوە و کۆتایی بەو ئارێشەیە بهێنێت. لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە گفتوگۆکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا دەستیانپێکردووەتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵی لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدان و بە تەمان کۆبوونەوەی تریش بەڕێوە بەرن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە لە نێوانیان بە تەواوی چارەسەر بکەن.