رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵ دەکات و جەخت لە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2026.3.31، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر و بەڕێوەبەری هۆبە و بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەکە كۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگاری هەولێر بە بایەخەوە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و دەستخۆشی لە سەرجەم فەرمانبەرانیان کرد بۆ ماندووبوون و هەوڵە بەردەوامەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەت لە بواری هاریكاریكردنی جوتیاران و پاراستنی سامانی نیشتمانیی كشتوكاڵیی.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، كە تەرخانکرا بۆ هەڵمەتە فراوانەکانی تێكدان و لەناوبردنی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدران. لەو بارەیەوە پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لەوەکردەوە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان هێڵی سوورە و ڕێگە نادرێت بە هیچ شێوەیەک بەروبوومی ئاودراو بە ئاوی قورس و پیس بگاتە بازاڕەکان و جەختی لە بەردەوامی و چڕکردنەوەی ئەو هەڵمەتانە کردەوە بۆ بنبڕکردنی هەر سەرپێچییەک کە زیان بە ئاسایشی خۆراک بگەیەنێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، پاڵپشتی تەواوی پارێزگای بۆ پڕۆژە و پلانەکانی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەربڕی، بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی جوتیاران و گەشەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای هەولێر.