رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی: پێزانینمان بۆ خەبات و قوربانیدانی حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان هەیە

بەبۆنەی ٣١ـی ئادار، ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەو دوو حزبە کرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی 31ی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانیان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەو بۆنەیەدا پێزانینمان بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان لە خەباتی گەلانی عێراق و گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریدا هەیە.

لەو یادەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئالنگارییەکان و دوورخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکان دەکەینەوە.

مسعود بارزانی

31ی ئاداری 2026