حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند مەرج و ڕێکارێکی نوێی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دیاری کرد تاوەکو بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ و مرۆیی، وێنەی وێرانکارییەکان و قوربانیانی هێرشەکان بە جیهان بگەیەنن.
ئهمڕۆ شهممه، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دیجیتاڵ میدیا بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پابەندبوون بە چەند پڕۆتۆکۆڵێکی تایبەت دەکاتەوە.
بەپێی ڕێنماییەکان، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووماڵەکانیاندا جەخت لەسەر چیڕۆکی قوربانییان و لایەنە مرۆییەکان بکەنەوە و هێرشەکان وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی نیشان بدەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی وێنەگرتنی پان (Wide Shots) و دیاریکردنی شوێنی جوگرافیی بەئامانجگیراو قەدەغە کراوە، هەروەها بەکارهێنانی درۆن و وێنەگرتنی چاڵی تەقینەوە و پاشماوەی مووشەکەکان قەدەغەیە.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ڕووماڵەکان دەبێت تەنیا لەو شوێن و کاتانەدا بن کە لەلایەن تیمە ئەمنییەکانەوە دیاری دەکرێن، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریکردن لە گەیاندنی زانیاری بە نەیاران.
هەر سەرپێچییەک لەم ڕێنماییانە، دەزگاکە و ڕۆژنامەنووسەکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی توند دەکاتەوە، کە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دەرچووە.
بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 29-3-2026، نوێنەری دەزگاکان سەردانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن بۆ وەرگرتنی ڕێکارە تەکنیکییەکان.
ئەم ڕێنماییانەی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدایە، کە بەهۆی پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پێویستییەکی زۆر بە ڕێکخستنەوەی گوتاری میدیایی و پاراستنی زانیارییە ئەمنییەکان هەیە، تاوەکو میدیاکان ببنە هۆکاری گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.

