رۆژنامەی ھەولێر

بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پەلامارە ترسنۆکانەکەی سەر شاری دهۆک و شوێنی حەوانەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەوڵێکی نەزۆکن بۆ تێکدانی ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان.

دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی:

بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە دەکەین کە لە شاری دهۆک کرایە سەر جێگای حەوانەوەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی تری پارێزگای دهۆک.

ئەم جۆرە پەلامارانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و تەنها بەئامانج گرتنی بەڕێزیان نیە، بەڵکو دەستدرێژیەکی ئاشکرایە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەوڵێكی نەزۆكانەیە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاشتەوایی سەرجەم عێراق و ئاشكرایە هەرێمی کوردستان بەردەوام خۆی بەدوور گرتووە و بێلایەن بووە لە ململانێ و شەڕە ناوچەییەکاندا، و نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ ئاڵۆزییەک.

پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە و کرداریی بەرامبەر بەو گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووانە هەبێت، كە بەردەوام و بێپاساو هێرش و پەلامار دەكەنە سەر هاووڵاتیان و دامەزراوەكانی هەرێم، تاوەکو چیتر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق نەخەنە بەردەم هەڕەشە و ناسەقامگیرییەوە.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦