سەنتەری لۆجستیی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگەی هەڵەبجە دامەزرا

سەنتەری لۆجستیی هەڵەبجە بە تێچووی حەوتسەد ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری دوو هەزار و هەشتسەد مەتر بونیات نراوە؛ کە لە چەند بەشێکی گرنگ پێک دێت وەک: بەشی کۆگا، ساردکەر، ئۆفیسی کۆگا و دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکان.

فریاد نەجمەدین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگەی هەڵەبجە لەم بارەیەوە دەڵێت: “سەنتەری لۆجستیی هەڵەبجە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی وەزارەتی ناوخۆ – ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەکان؛ بە هاوکاری و پاڵپشتیی ئاژانسی (THW)ی ئەڵمانیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ئەڵمانیا دامەزراوە”.
گوتیشی: “ئەم پرۆژەیە وەکو ژێرخانێکی ئابووری بۆ شاری هەڵەبجە بەکاردێت؛ کاتێک کە ڕووداوێکی سروشتی و کارەساتێک ڕوو لەم شارە دەکات. لەم سەنتەرە کەلوپەلی پێویست هەڵدەگیرێت و هاوکاریی کەسانی لێقەوماو و زیانبەرکەوتوو دەکرێت.
لە کۆگای سەنتەری لۆجیستیی هەڵەبجە، کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستیی گرنگ بۆ هاووڵاتییانی لێقەوماو دابین کراوە وەک: ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانی ناو کۆگاکە بۆ شوێنە دوورەکان، ئوتۆمبێلی بەرزکەرەوە، ڕایەخ، کەرەستەی پاککەرەوە، خۆراک، پێداویستیی منداڵان و پێخەف و دۆشەک.
لە هەولێر و سلێمانی، دهۆک و زاخۆ سەنتەری لۆجستی بوونیان هەیە؛ لە ئایيندەیەکی نزیکدا لە ئیدارە سەربەخۆکانیش سەنتەری هاوشێوە دروست دەکرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ھەواڵی زیاتر