ئینتما بۆ نیشتمان ئەرکێکی پیرۆزە

شێرکۆ حەبیب

ئامادەکاری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ناکۆکی و ناتەبایی زۆری لێکەوتەوە ئەمەش زیان دەگەیەنێت بە ئەزموونی دیموکراسی و تەبایی و پێکەوە ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان، ساتێک هاووڵاتی لە وڵاتانی پێشکەتوو و دیموکراسی ڕوو دەکاتە سندوقەکانی دەنگدان کە ئەمەش سادەترین مافیەتی بۆ ئەوەی ئەگەر ناکۆکیەک یا گرفتێک هەبێت لە ڕێگای پرۆسەی دیموکراسی یەک لایی بکاتەوە، بە پێچەوانەی ئێمە. ئێمە گرفت و بەربەست بۆ هەڵبژاردن دروست دەکەین، ئەگەرچی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەوەیە گرفتەکان یەک لایی بێتەوە بەڵام بەداخەوە لای ئێمە نەبووەتە سیستەمێک بۆ یەک لاییکردنەوەی گرفتەکان، بەڵکو بابەتەکان ئاڵۆز تر بووە، بێگومان ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەندێ لایەن باوەڕیان بە دیموکراسی نییە ئەگینا نەبووە ئەگەر ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیان نەبێت بڵێن کورسیەک یا سەد کورسی بەدەست بێنین جیاوازی نییە، بەڵام ئەگەر کورسی زیاتر بەدەست بهێنن دەڵێن بەگوێرەی ئیستحقاتی هەڵبژاردنە. هەر چییەک ئاکامەکەی بێ دەبێ قبووڵ بێت لەلایەن سەرجەم بەشداربووان، بەداخەوە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەتایبەتی ئەو هەڵبژاردنانەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بە لیستی جیا بەشداریان کردووە، پابەندی ئاکامەکانی نەبوون، بۆ نموونە پارتی ٤٥ کورسی بەدەست هێنا بەڵام هەمان ژمارەی وەزیرانی یەکێتی هەیە هەروەها سەرۆکی پەرلەمان بووە پشکی برادەرانی یەکێتی، کە دەبوایە بە گوێرەی پێوەری هەڵبژاردن بۆ پارتی بوایە هەروەک لە سەرجەم دونیای دیموکراسی بەدی دەکرێت.
سەیرە هەندێ لا پێداگری دەکەن بۆ هەڵبژاردن لە کەشێکی تەمومژاوی و دوور لە بنەماکانی دیموکراسی و دوور لە یاساکانی هەرێم ئەنجام بدرێت، هەروەها دوورخستنەوەی بەشێک لە پێهاتەکانی کوردستان بە بریارێکی نا دەستوری دادگای فیدراڵی.
ئاساییە حزبێکی وەک پارتی یا هەر حزبێکی تر بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، بەڵام کاتێک لە هۆکاری بەشداری نەکردنی پارتی و نەتەوەکان تێدەگەین دەبینین مەحاڵە هەڵبژاردنێک بە بێ پارتی و ئەو لایانانە ئەنجام بدرێن کە زیاتر لە نیوەی کوردستانیان پێک دێنن.
هەڵبژاردن ئەوەندە گرنگ نییە ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئینتمای نیشتمانی، ساتێک ئینتما یا پابەند بوونی نیشتمانی لاواز و کاڵ دەبێتەوە و سەرجەم پێوەر و بەهاکانی پابەند بوونی نیشتمان لە دەست دەرێت و هەڵبژاردن ئەو بەها و سەنگەی نامێنێ.
گرنگ ئەوەیە ئەمرۆ وەک دەڵێن زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، ئەو ئەزموونە دیموکراسی و تەبایی و پێکەوە ژیانەی لە ئارادایە بە هەموو لایەک بیپارێزین و ڕووی جوانی کوردستان بپارێزین بە دوای سەراب و کڵاوی بابردو نەکەوین.
هەڵبژاردن لەسەر بنەما ڕاستەقینەکانی هەڵبژاردن کە سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری بکەن ئەنجام بدرێت، هەڵبەتە ئینتمای نیشتمانی چەند بەهێز بێت ئەوەندە پێش دەکەوین، بۆیە هەموو وەک کوردستانی پێویستە بە سەرجەم لایەن و پێکهاتەکان بە هەستێکی کوردستانیانە لەسەر بنەماکانی هەڵبژاردنێکی دوور لە دەستتێوەردانی دەرەکی و بە ئیرادەی میللەتی کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاکامەکانی دامودەزگاکان پێک بهێنێرێن.
لە وڵاتی میسر لای هاووڵاتیان ئینتما بۆ میسر لەسەرووی هەموو ئینتمایەک و بەرژەوەندییەکە، هەر بۆ نموونە لەم ماوەی دواییدا لە یەکێک لە هۆتێلەکانی قاهیرە نیوەڕۆ خوانێکم بۆ قوتابیان ساز کرد و بەڕێوەبەری ئۆتێلەکە براردەمە و لێم پرسی گوتیان نەهاتووە ئەمڕۆ پشووە (پشووی سەرکەوتنی سینا بوو) زۆر جاری تر پەیوەندیم پێوە کردووە لە ئۆتێل نەبووە لە پشوو بووە جا ڕۆژانی هەینی یا شەممە یا یەک شەممە کە هەریەکەیان ڕۆژی پشووی ئاینێکە، لە کاتی پرسینم گوتم خۆزگە دەمزانی لەسەر چ ئاینێکە مسوڵمانە کریستیانە یا جولەکەیە لە وەڵامدا پێیان گوتم ئەو میسریە.
ئەوەیە ئینتما بۆ نیشتمان. بەداخەوە هەندێ لایەن لە کوردستان بۆ مەرامی تایبەتی ئەو ئینتمایەیان لە دەست داوە.

ھەواڵی زیاتر