هاووڵاتییان سەرپشکن لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان لە پرۆژەی “هەژماری من”

پرۆژەی “هەژماری من” لە بەرەوپێشچوون بەردەوامە و جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەڵێت: نامانەوێت قۆرخکاریی هیچ لایەنێک لە پرۆژەی “هەژماری من”دا هەبێت:

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە: “ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە پرۆژەی ⁧‫”هەژماری من‬⁩” ئەوەیە هاووڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن”.

‏دەشڵێت: “لەم بابەتەدا نامانەوێت نە قۆرخکاریی بەغدا هەبێت نە هی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دەمانەوێت زۆرترین بژاردە لە بانکە حکومی و ئیسلامی و نیودەوڵەتی و تایبەتەکان بخەینە بەردەستی هاووڵاتییان”.

‏هەروەها ڕوو لە بەشێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن دەکات و دەڵێت: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین و وەڵامی هەموو پرسیار و تێبینییەک لەسەر پرۆژەی ⁧‫”هەژماری من‬⁩” دەدەینەوە،چونکە زانیاریی هەڵە و ساختە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت، هەمیشە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان باشترە”.

پرۆژەی “هەژماری من” پرۆژەیەکی دیجیتاڵیی بانکییە بۆ بەجێکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:

١- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی. ئامێرەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.
٢- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
٣- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.
٤- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
٥- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ھەواڵی زیاتر