سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێكى سێناتۆریى ئه‌مه‌ريكى دەکات

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5/4 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا كرد كه‌ له‌ سێناتۆر تێد بە‌د و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسولی گشتی لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.

ھەواڵی زیاتر