خەڵکی شارەکە لە چاوەڕوانی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکدان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا ئێستە لە کەرکووک کێشەی زبڵ و خاشاک چارە نەکراوە، دانیشتووانی گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکە بەھۆی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک ھەراسان بوونە. شارەوانیش تەنیا توانای کۆکردنەوەی ھەشت سەد تۆن پاشماوەکانی ھەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە گەڕەکەکان کەڵەکە بووە، ھاووڵاتییانی شارەکەش چارە نەکردنی کێشەی زبڵ و خاشاک بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێنەوە.

چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، نەبوونی ئاو، کارەبا، خراپی ڕێگاوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی ھەراسان و بێزار کردووە، بۆ چارەکردنی کێشەکان خەڵکی شارەکە لە چاوەڕوانی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکدان.
کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق، بە دووەم پیسترین شار دادەنرێت، لە دوای دیالەوە، لە ئاستی جیھانیش، یەکێکە لە بیست پیسترین شارەکانی جیھان، پاشماوە و زبڵ لە ئاستێکی بەرزە، ھەر تەنیا سیمای شارەکەی ناشیرین نەکردووە، بەڵکو دەبێتە ھۆی دەردانی گازی زیانبەخش، وەکو گازی میسان، کە یەکێکە لە ژھراویترین گازەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ.
کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، ژینگەی کەرکووکی تێکداوە، لە ھەمان کاتدا ھیچ ھەنگاوێکی کرداریش نییە، لە پەنای قەڵا و خاسەی کەرکووک، بە دەیان تۆن زبڵ و خاشاک کەوتوون و کەس ھەڵیاناگرێتەوە، لە شوێنی ئەم دیمەنە دەبوو ئەو ناوچەیە شوێنێکی گەشتیاری بووایە.
لە شوێنی درەخت و دار، خۆڵ و زبڵ و خاشاک لەنێو گەڕەکەکانی کەرکووکدا کۆبووەتەوە، تەنانەت قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنیش بوونەتە شوێنی کۆبوونەوەی زبڵ.
ھیچ کام لە بەرپرسانی کەرکووک بیریان لای ژینگەی کەرکووک نییە، چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا شارەکە خاوەن بودجەیەکی گەورە بووە، بەھیچ شێوەیەک چاکبوونی ژینگە لە ماستەرپلانیدا نییە، بەرپرسانی شارەکە، دەڵێن: لەدوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە شارەکە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو وێرانبوون دەچێت، سەوزایی نییە، زبڵ و خاشاک کۆبووەتەوە، ژینگەیەکی پیسی ھەیە، کەس نییە خزمەتی ئەو شارە بکات، ئەوەی دەکرێت، خەڵکی خۆبەخشە دەیکات، مەترسی نەمانی سەوزایی لە کەرکووک لە کاتێکدایە، سەدان بیرە نەوت و کارگە ڕۆژانە بڕێکی زۆر گازی ژەھراوی بڵاودەکەنەوە.
لە پێش داگیرکردنی شاری کەرکووک لەلایەن سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ھاوکاری گرووپێکی خیانەتکار، مانگانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دە ملیۆن دۆلاری نەوتی دەگەڕاندەوە بۆ شارەکە و ئاستی پێشکەوتنی کەرکووک زۆر بەرزبوو.
ھاووڵاتییان، دەڵێن: شاری کەرکووک ھەراسانی زبڵ و خاشاکە، لەسەر شۆستە و شەقامەکان، نێو باخچە و ناوەندی شەقام، بەرامبەر قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و لاکۆڵانەکان پڕبووە لە زبڵ، خەریکە لەگەڵ بۆن و بەرامی زبڵ و پیسیدا ڕادێین. ھاووڵاتییان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی خۆجێی شارەکە کەمتەرخەمە، ئەگەر چارەیەکی بە پەلە نەدۆزرێتەوە، شارەکە پڕ دەبێت لە زبڵ و خاشاک.
ئیدارەیەکی بێباک و گەندەڵ لە پاش ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ حکومڕانیی کەرکووک دەکات، کە دەیان مەلەفی گەندەڵییان لەسەرە، بەھۆی گەندەڵی لە گرێبەستی ھەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک، ئێستە زبڵ شاری کەرکووکی تەنیوە، ڕۆژانە لە کەرکووک ھەزار و دوو سەد تۆن زبڵ و خاشاک ھەیە، شارەوانی تەنیا نزیکەی ھەشت سەد تۆن کۆدەکاتەوە. ئەحمەد عومەر، سەرۆکی شارەوانی کەرکووک، دەڵێت: ئەو بودجەی ھەیە بەشی ئەوە ناکات ھەموو شارەکە پێ خاوێن بکەینەوە، لەمەودوا ھەر کەسێک بەتایبەتی دووکاندارەکان پابەندی ڕێنماییەکان نەبن سزا دەدرێن.

ھەواڵی زیاتر