ڕێ نادرێ بەشێک لە جووتیارانی کورد لە کەرکووک گەنمەکانیان بدوورنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەزمی ڕێگرییەکانی سوپا و حەشد و عەرەبی هاوردە لە دژی جووتیارە ڕەسەنەکانی کەرکووک دەستی پێکردەوە و ئەو مافە بە بەشێک لە جووتیارانی کورد بە ڕەوا نابینرێی لەسەر زەوییەکانیان کار بکەن.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی ئایاری هەموو ساڵێک دروێنەی جۆ و گەنم لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان و ئەو شوێنانەی کوردستان کە پلەی گەرما تێیاندا بەرزە دەست پێ دەکات و جووتیاران دەخوازن هەر لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان بیدروونەوە و ڕادەستی سایلۆکانی بکەن بۆ ئەوەی لە کێشەی ئاگرکەوتنەوە و هەر کێشەیەکی تر پارێزراو بن.
جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە دەستپێکردنی دروێنە و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان زیاتر لە ڕووداوە سروشتییەکان بترسن ئەوا کێشەکە لای کەرکووکییەکان زۆر جیاوازە و ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ کێشەکانی لەشکرکێشیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هەڕەشەکانی عەرەبی هاوردە ڕووبەڕوون.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا جووتیاران بە تایبەتی لە گوندەکانی سەرگەڕان و دەوروبەری دەستیان بە دروێنە کردووە و دەخوازن بەرهەمەکانیان زووتر کۆ بکەنەوە بەڵام ڕۆژی یەکشەم ئەوە بڵاو کرایەوە کە به‌فه‌رمانی فه‌رمانده‌یی فرقه‌ی هه‌شتی سوپا، به‌جووتیارانی گوندی سه‌رگه‌ڕان ڕاگه‌یەنراوە ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له‌ دروێنه‌كردنی زه‌وییه‌كانیان دەست هه‌ڵبگرن.
جووتیاران لەم هەنگاوەی سوپای عێراق تووڕەن و ناڕەزایەتی خۆیان بە نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی عێراق گەیاندووە و داوا دەکەن سوپا واز لەو هەڵمەتانە بێنێت و چی دیکە لە قازانجی عەرەبی هاوردە هەڕەشەیان لێ نەکات.
ئەمە یەکەم جار نییە کە سوپای عێراق لە کەرکووک ڕێگری لە دروونەوەی گەنمی جووتیاران دەکات و لە ساڵانی ڕابردووشدا بە تایبەتی لەگەڵ پێگەیشتنی گەنم و جۆ سوپاش دەستی بە چالاکییەلانی کردووە و دژی جووتیارانی کورد چەندین جار هێزی جووڵاندووە و چەند جارێکیش ڕووبەرووبوونەوە لە نێوان جووتیاران و هێزەکانی سوپای عێراق هاتووەتە کایەوە.
وەک ئاشکرایە کەرکووک بەشێکی دانەبڕاو بووە لە خاکی کوردستان و لەوەتەی هەیە جووتیاری کورد لەم ناوچەیە خەریکی کشتوکاڵ بووە. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا زۆربەی جووتیاران بەزۆر دەرکران و عەرەبی هاوردە لە جێیان دانرا. بە هەزاران گوند لە لایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراق خاپوور کران و بە پلان ویسترا کۆتایی بە ژیانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لەم ناوچەیە بهێنرێت و جووتیارانی کورد بە زۆر یان بە سیاسەتی تر لە ناوچەکە دوور خرانەوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەشێکی زۆری جووتیارانی کورد گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان و لە چوارچێوەی مادەی سەد و چلی دەستووری بڕیار درا سەرجەم کێشەکان بە پشتبەستن بە یاسا چارەسەر بکرێن و ئەو عەرەبانەی کاتی خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردن هێنرابوونە کوردستان قەرەبوو بکرێنەوە و زەوییەکانیان ڕادەستی جووتیارە ڕەسەنەکان بکرێتەوە.
بەشی زۆری ئەو عەرەبایە قەرەبوویان وەرگرت و گەڕانەوە شوێنی پێشووی خۆیان بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و هەمان سیاسەتی سەردەمی بەعس لە دژی جووتیارانی کورد و دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو خەڵکی کەرکووک بە هیوای ئەوەی ئیدارەی شارەکەیان دووبارە بکەوێتەوە دەستی کورد بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە پارێزگارێکی نوێ بۆ شارەکە دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی ئیدارەی کەرکووک کێشەکانی پێوەندیدار بە زەوی و زاری جووتیاران و خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم کێشەکانی تر چارەسەر بکات.
لە حەوت ساڵی ڕابردوودا کە پارێزگارێک بە سەر پارێزگاکەدا سەپێنراوە نەک هیچی بۆ کەرکووکییەکان نەکردووە بگرە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان پێهاتەکانی کەرکووک و بە هەمان نەفەسی سەردەمی بەعس بەرانبەر کورد هەڵسوکەوت دەکەن و دۆخەکە ئەوە دەخوازێ نوێنەرانی کورد شێلگیرانەتر لە جاران مشووری خەڵکی کەرکووک بخۆن.

ھەواڵی زیاتر