‎پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی ھێلین

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی هێلین، دەنگی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و سەرجەم ستافی ماندوو نەناس و تەواوی گوێگران و ئافرەتانی خۆشەویستی کوردستان دەکەین.

ڕادیۆی ھێلین، وەک یەکەم مینبەری میدیای ئافرەتان توانیویەتی زومی زیاتر بخاتە سەر ئەو باس وخواستانەی کەتایبەتن بە پەروەردەی خێزان و پتەوکردنی کلتووری رێزگرتن لەئافرەت وەک مرۆڤ و وەک ھاوبەشی سەرجەم کایەکانی ژیان لەگەڵ پیاودا.
ڕادیۆی ھێلین بەھاوشانی بەشەکانی دیکەی تۆری میدیایی ھێلین کە راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە، توانیویانە رایەڵە لەگەڵ جەماوەر دروست بکەن تا دەنگی ئافرەتان باشتر بگاتە ناو کۆمەڵگە، بە نیەتی یەکسانی و نەھێشتنی جیاکاری نێوان ئافرەتان و پیاوان.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم رادیۆیە رۆڵی سەرەکی بینیوە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و میکانیزمێک بووە بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی کوردستان بەلایەنە پەیوەندیدارەکان، و بڵندگۆیەک بووە بۆ زیندووھێشتنەوەی بەھا باڵاکانی کۆمەڵگە.
لەو بۆنەیەدا دووبارە پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ رادیۆی هێلین دووپات دەكەینەوەو، ئەم ساڵیادە جارێکی دیکە بەرز و پیرۆز رادەگرین، ھیوادارین ھەمیشە سەرکەوتووبن و ھەنگاوی باشتر بنێن بۆ خزمەتکردن بەئافرەتانی کوردستان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردستانیان.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر