باڵندەکان بە خۆشییەوە لە هەوادا ئاهەنگ دەگێڕن کاتێک زەوی جلی بووک لەبەردەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی مانگێک زووتر لە نەورۆز دەستیان پێ کردووە و ئەمساڵیش خەڵک گەرموگوڕتر لە هەر نەورۆزێکی تر بەرەو پیلی نەورۆز و بەهار و ساڵی نوێی کوردی ڕۆیشتوون. ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازترە لە هەر سەردەمێکی تر و ڕەنگە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو هێندەی ئەمساڵ خەڵکی ڕۆژهەڵات بایەخیان بە نەورۆز نەدابێت.

نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە جەژنێکی کلتوری و نەتەوەیی زۆر زیاتر بووە و نەورۆز بە واتا ڕاستەقینەکەی خۆی پیرۆز کراوە کە بریتییە لە زاڵبوونی سەرما بە سەر گەرما، ڕووناکی بەسەر تاریکی و سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگەر بەسەر زوحاکی خوێنمژ و سەرجەم هێماکانی نەورۆز لە بۆنەکان و پەیام و ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەنگیان داوەتەوە.
بە هەزاران وێنە و ڤیدیۆی ئەو ڕێوڕەسمانە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی تەنیوە و دەردەکەوێت کە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان، بەو پەڕی هەماهەنگی و هاوکاری، چالاکان و کوردپەروەران ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ڕێکدەخەن و بە هەزاران و هەندێک جار بە دەیان هەزار کچ و کوڕ و گەنج و پیر و منداڵ لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و بە هەڵگیرساندنی ئاگر و شایی و هەڵپەڕکێ و بەرزکردنەوەی هێما کلتوری و نەتەوەییەکانیان بەرەو پیلی نەورۆز چوون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەسیملاسیۆنی فەرهەنگی و کلتووری و تواندنەوەی زمانی دایک و سەپاندنی زمانی زاڵ و ناوەند هاوشێوەی وڵاتانی تری زاڵ بەسەر کوردستان لانی کەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا پێڕەو کراوە و کاریگەریی زۆر خراپی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، کەم نین ئەو کوردانەی لە نەتەوەکەیان دابڕاون، یان ناتوانن بە زمانی دایک قسە بکەن و لە بۆنە و ڕێوڕەسمە ڕەسەنەکانیان هیچیان نەزانیوە یان بێبەش بوون، بەڵام دۆخەکە لە دوای شۆڕشی ”ژن ژیان ئازادی” کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر دەستی کورد سەری هەڵدا، بە تەواوی گۆڕاوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەندێک ناوچە لە بەشە باشوورەکەی بە تایبەتی لە هەمەدان و چوار مەحاڵ و بەختیاری و لوڕستان هەن کە زیاتر لە شوێنەکانی تری کوردستان بەر شاڵاوی سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆن کەوتوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و شعووری نەتەوەیی و هەستی ناسیۆنالیستی و خۆشەویستیی بۆ خاک و نیشتمانی دایک وای لێ کردوون بۆ یەکەم جار خۆیان لە بەندی دیلی سیاسەتی ناوەند ڕزگار بکەن و هاوشێوەی شارەکانی تری کوردستان ئاهەنگ و شایی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە جلوبەرگی کوردی و بە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانیان بگێڕن.
کچان لە کاتێکدا لەچکی زۆرەملێیان لەسەر هەڵماڵیوە دەست لە دەستی کوڕان شایی دەکەن و بە جامانە و هەوری و هەندێک جار ئاڵای کوردستان پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکەن.
وەک ئاشکرایە بەشێک لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نەتەوە کوردن بەڵام بە مەزهەب شیعەن و لە چل و چوار ساڵی ڕابردوودا کە دەسەڵاتی مەزهەبیی شیعە لە ئێران زاڵ بووە، هەر لە ڕێی مەزهەبەوە خەڵکیان لە بەها نەتەوەییەکان دوور خستووەتەوە و لە هەندێک قۆناغدا بە گیان براکانیادا کردوون. لاوازبوونی دەسەڵاتی مەزهەبی لە ناوەند دۆخەکەی پێچەوانە کردووەتەوە و بە ژمارەی ئەو هەنگاوانەی خەڵک لە دەسەڵات دوور کەوتوونەتەوە بە هەمان ژمارە لە کوردایەتی و بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان نزیک کەوتوونەتەوە و وا دەردەکەوێت نەورۆزی ئەمساڵیان کردبێتە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری.

ھەواڵی زیاتر