مەحموود محەمەد، وتەبێژی پـــارتی دیموکراتی کوردستان: قــــــــــــــــۆناغی ئیستای عێراق مەترسیدارە و گۆڕانکارییەکان گەورە و خێران

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی و ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، باسی لە دوایین گۆڕانە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەکانی نێوانیان و پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە ناوخۆی هەرێم.

  • دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسیەوە لە چ قۆناغێکدایە؟
  • قۆناغی ئێستای عێراق، خوێندنەوەیەکی تایبەتی دەوێت. وڵاتێک کە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بە سەقەتی دروست کرا و بە ئاسانی چارەی کێشەکانی نەکرا. لە عێراقدا فەرهەنگێک حوکمی کرد و بوو بە ڕێڕەوی حوکمڕانی، ئەویش فەرهەنگی کەڵەکەکردنی کێشەکان لەسەر یەکتر بەبێ چارە کردن یان دواخستنیان بۆ سەردەمێکی تر. ئەمە وایکردووە ئەم وڵاتە بەردەوام کێشەکانی بێ چارەکران و بە هەڵواسراوی بمێننەوە و زۆرجار کێشەی زۆر گەورەتریشیان بەدوادا هاتووە. ئەو شەڕانەی بە دەوروبەریان فرۆشت ئەو شەڕانەی کە بە کوردستانیان فرۆشت ئەمە هەمووی لە ئەنجامی ئەم سەقەت دروست کردنەیە؛ بۆیە ئێستا خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی دەوێ بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن دەکرێت عێراق لەم وەزعەی هەیە دەرباز بکرێت. قۆناغی ئێستای قۆناغێکی مەترسیدارە، گۆڕینەکان زۆر گەورە و خێران، لەوانەیە زۆر لەو دەسەڵاتدارانەی عێراق پێڕانەگەن لەگەڵ ئەو گۆڕانەدا هاوتەریب بەڕێگادا بڕۆن. بۆیە دەبینی لە زۆر شتدا بەجێماون، وڵاتێک لەم شێوازە دەتوانین بڵێین لە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری و دواکەوتوییدایە.
  • ئابوریی سەربەخۆ کە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم بووە، سەرکەوتوو بووە؟
  • ئابوری سەربەخۆ، بەوە بوو کە ئێمە لە وڵاتەکەی خۆماندا دەوڵەمەندین بە هەبوونی نەوت و کانزاکان، و کۆمەڵێک بابەتی دیکە. ئەوەی کە لە دەستووردا هەیە ڕێگەی بە هەرێم دابوو سوود لەو بابەتانە وەربگرێت، بەڵام بە حوکمی کۆمەڵێک شتی دیکە ئەم ڕێگەیە گیرا. ئەمە بابەتی سەرکەوتن و سەرنەکەوتن نییە بۆ هەرێمی کوردستان لە مەسەلەی ئابوری سەربەخۆدا. مەسەلەی ڕێگەگرتنە لەوەی هەرێمی کوردستان ئابوریی سەربەخۆی هەبێت، دوو شتی لە یەکتر جیاوازن. دەتوانین بڵیین ئەم ڕێگەگرتنە لەوە بوو کە نەهێڵن هەرێمی کوردستان ئابوریی سەربەخۆی هەبێت، نەک ئەوەی سەرکەوتوو بووە یا سەرکەوتوو نەبووە.
  • سالانێکە باس لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکرێت، خەڵکیش تا ڕادەیەک نائومێد بووە و کێشەی مووچە و بودجە بەردەوامە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، لەسەر چەند ئاستێک ڕێککەوتنمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی هەیە، لەسەر ئاستی دەوڵەت ڕێککەوتنێکمان هەیە کە پێی دەوترێت دەستوور، کە هەموومان لەسەری ڕێککەوتووین و ئێمەی کورد بەشێکی سەرەکی بووین بۆ سەرکەوتنی دەنگدان لەسەر ئەو دەستوورە. ئێمە بە ئیرادە و ویستی خۆمان، ئەوانیش بە ئیرادە و ویستی خۆیان لەسەر کۆمەڵێک ماددە و بڕگەی دەستوور ڕێککەوتین بۆئەوەی وڵات بەو شێوەیە بەڕێوەببەین.
    ڕێککەوتنێکی ئێستاشمان هەیە لەگەڵ لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیدا، بەشدار لە پێکهێنانی حکوومەت وە ئەو لایەنانەی بە سووننی و بە شیعی ناومان لێنا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و لەوێش لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێککەوتین کە چۆن ئەم وڵاتە بەڕێوەببەین.
    ڕێککەوتنێکی سێیەممان هەیە لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیران، ئەویش کارنامەی کابینەکەی سوودانیە. ئێمە سێ ڕیککەوتنمان هەیە، ئەو ڕێککەوتنانە لەسەر ئاستی دەستوور تەسەور دەکەین کە ئینتیقائیەن باس لە دەستوور دەکرێت و سوودی لێ وەردەگیرێت بەپێی بەرژەوەندیی هەندێک لایەن کە کارێکی خراپە. لەسەر ئاستی لایەنە سیاسیەکانیش وەکو تەحالفی ئیدارەی دەوڵەت، بەڕاستی ئەوەی لە پرۆژەی یاسای بودجەدا کردیان نیشانەی ئەوە بوو کە ئیلتیزامێکی تەواویان بە ڕێککەوتنەکە نەکرد کە کرابوو. لە کابینەکەش لەو کارنامەیەی هەمانە لەویش دیسان نەقسێکی زۆری تێدا هەیە زۆر شت هەیە دەبوو جێبەجێ بکرایە و نەکرا.
  • وڵاتانی دراوسێ هاوکارن یا ڕیگرن لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ؟
  • وا دەزانین دەکەین کاریگەرییان هەیە، بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە عێراق و کوردستان، وە ئەو بەرژەوەندییانەی ئەوان بەشیکی سیاسییە و بەشێکی ئابورییە. ئەوانە وا دەکات هەندێک جار لەگەڵ کۆمەڵیک لەو بەرژەوەندییانەی کە ئێمە هەمانە هاوتەریب بێت یان پێچەوانە، کە هاوتەریب بوو لەوانەیە بێدەنگ بن و هیچ نەڵێن، کە پێچەوانە بوو لەو شوێنانەوەی کە دەتوانن ڕێی لێ بگرن ڕێی لێ دەگرن و هەوڵدەدەن وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەڕێوە نەچێت.
  • پەیوەندی پارتی لەگەڵ یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان لە ناوخۆ لە چ ئاستێکدایە؟
  • دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئەوە بێت کە حزبی جیاواز لە کوردستان هەن و ئەم حزبانە لە ئەنجامی بوونی بیروبۆچوونی جیاواز دروست بوون کە بارگاوین بە ئایدۆلۆجیا و تێڕوانینی جیاواز لەگەڵ یەکتر؛ کەواتە ساحەیەکی کراوەی پێویستە بۆئەوەی حزبەکان منافەسەی یەکتری بکەن لەسەر ئەو بابەتانەی کە لایان گرنگە، منافەسە لەسەر ئەوەی لەڕووی ئابوریەوە چ چارەیەکی باشتریان هەیە بۆ بژێوی ژیانی خەڵک، لەڕووی سیاسیەوە چ باشترێکیان پێیە وە لەڕووی ئیداریشەوە. بەلام ئێمەی ئەحزابی کوردستانی دەبێت لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانە لەڕووی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەیەکەوە هاوکاربین و لەسەرئەوە منافەسەمان نەبێت. بەڵام لەسەر بابەتەکانی دیکە کێشە نییە. زۆرجار ئەو منافەسەیەی هەیە لە کوردستان لە قاڵبی ڕکابەری دەچێتە دەرەوە و دەچێتە قاڵبی دژایەتی یا دوژمنایەتی کە هەڵەیەکی گەورەیە.
  • نێوانتان لەگەڵ یەکێتی چۆنە؟
  • پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی هەم باشە هەم خراپە، باشە. ئێمە دەبێت پێکەوە کار بکەین وە هەوڵنەدەین لە ڕێگەی دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراقەوە کێشە بۆ یەکتر دروست بکەین کە ماوەیەکە بە داخەوە یەکێتی ئەوە دەکات؛ دەبێ ئەو کێشانەی نێوانمان بە گفتۆگۆ لەگەڵ یەکتر چار بکەین، بەڵام لە جیاتی ئەوە پەنا دەبرێتە بەر هەندێک لایەنی دیکە.
  • لەڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە کێشەیان بۆ پارتی دروست کردووە؟
  • خۆزگە تەنیا بۆ پارتی بووایە، ئەو کێشانەی لە بەغداوە دروست دەکرێن بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن. بودجە خۆ تەنها بۆ پارتی نییە، بۆ هەرێمی کوردستانە. ئەو یاسایانەی کە هەمانە تەنیا بۆ پارتی نین بۆ هەرێمی کوردستانن. کەواتە جیاوازی هەیە لەوەی کە کێشە بۆ پارتی دروست بکەی یا بۆ کوردستان. ئێمە ئەگەر کێشەیەکیشمان بۆ یەکێتی دروست کردبێت، کێشەی ئێمە و یەکێتیە، بەلام ئەو کێشانەی ئەوان لە ڕێگای بەغداوە دروستی دەکەن، کێشەیە بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی و ئابووری و ئیدارە و قەوارەی هەرێمی کوردستان.
  • لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دەوترێت پارتی دوو ئاراستەیە وەڵامی ئێوە چییە؟
  • پارتی دیموکراتی کوردستان، یەک ئاراستە و یەک بەشە. پارتی لە کۆندا توشی کێشە بووە، ساڵی ١٩٦٤ توشی کێشە بوو، بەڵام کێشەکەی چارە کرد. ساڵی ١٩٧٩ – ١٩٨٠ ش توشی کێشە بوو ئەویشی چارە کرد. پارتی لە هەناوی خۆیدا کێشە قبووڵ ناکات و دووبەرەکی و دووڕەئی بەو شێوەیەی ئەوان بیری لێدەکەنەوە قبوڵ ناکات. ساڵی ١٩٦٤ دەرکەوت پارتی چۆن چارەی کێشەکەی کرد، ئەوانەی کە پارتیان بەوشێوەیەی هەبوو قبوڵ نەبوو، چوون حزبی تریان دروست کرد. ساڵی ١٩٧٩-١٩٨٠ دیسان لە ناو هەناوی پارتیدا هەندێک هەبوون کێشەیان دروست کرد، ئەوانیش چوونە دەرەوە و حزبی دیکەیان دروست کرد. پارتی یەک مەرجەعی هەیە وە یەک بڕیاری هەیە، بەڵام بیروبۆچوونی جیاواز لەناو پارتیدا لەسەر چۆنیەتی چارەسەری کێشەکان لەوانەیە هەبێت. بەڵام ئەوەی دەبێتە بڕیار هەموویان وەک یەک پابەندی دەبن. ئەوەی کە بۆچوونیشی جیاواز بووە دوای بڕیارەکە خۆی دەبێتە بکەر و جێبەجێکاری بڕیارەکە. لەناو پارتیدا ئێمە یەک مەرجەعمان هەیە ئەویش کاک مەسعودە، هیچ بەش و هیچ باڵێکمان نییە.
  • پارتی بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە چەندین جارە هۆکارە بۆ تێکدانی کەشی کۆبوونەوەکان، قسەتان چییە لەسەر ئەوە؟
  • گوێمان لەو واتەنە بووە، ئەگەر بەرچاو ڕوونییەکمان هەبێت لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەی کراوە، ئەگەر بیانوویەک نەبێت کۆبوونەوە شتێکە و وە ڕاگەیاندنی مێدیایی شتێکی ترە. بۆ دەبێت گوێ لە ڕێگەیاندەکە بگیرێت، بەڵام گوێ لە پێکهاتن و گفتوگۆکانی ناو کۆبوونەوەکە نەگیرێت؟ بۆیە ئەمە بەشێکی بیانووە بۆئەوەی ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت کە خۆیان مەبەستیان نییە. ئێمە دەکرێت یەکترمان قبوڵ بێت بە هەبوونی جیاوازییەکانمانەوە. ناکرێت ئەوەی من پێم باشە تەنیا ئەوە ڕاستی بێت. بەداخەوە هەندێک جار هەندێک لایەن لە کۆبوونەوەکان وا هەڵسوکەوت دەکەن کە هەرچی ڕاستییە لای ئەوانە و خەڵکی تر ڕاستی لا نییە. دەبێت ئەوە قبوڵ بکەن لایەنی بەرامبەریش کۆمەڵێک ڕاستی لاهەیە بە حوکمی مێژووەکەی و خەباتەکەی و ئەو متمانە زۆرەی خەڵکی کوردستان پێی داوە. ئێمە دەڵێین دەبێت بەردەوام بین لە گفتوگۆ بۆ چارەی کێشەکان.
  • دۆخی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کاریگەرییان لەسەر گوزەرانی خەڵکی هەیە، هیچ ئومێدێک هەیە پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی ؟
  • خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە ژیانێکی ئاسودەیان هەبێت، خەباتیان کردووە و تێکۆشاون و دەریایەک خوێنیان بەخشیووە، هەموو ئەوانە بۆ ئەوە بووە، بگەنە مافەکانیان وە لەڕووی ژیان و خزمەتگوزاریەوە بگەنە ئاستێک کە شایستەی خۆیان بێت. ئێمە دەرگامان کراوەیە و یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٤ ئەوە بوو دەرگامان کراوە بێت بۆ لایەنەکان و چارەکردنی کێشەکان، بەلام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەرچی خەڵکی تر ویستی هەر دەبێت وا بکەین. ئێمە پرۆگرامێکی دیاریکراومان هەیە و بەپێی ئەو پرۆگرامە کارەکانی خۆمان دەبەینە پێش و پێمان خۆشە خەڵکی تریش بەشێوازێک لە خزمەتی خەڵکدا بێت گفتوگۆکانمان لەگەڵیان بەردەوام بێت.
  • قسەی ئێوە چییە لەسەر ئەوەی حکوومەتی هەرێم بە حکوومەتی پارتی ناودەبرێت و هەموو بەرپرسیارییەتیەکە دەخرێتە سەر پارتی؟
    _ ئەم قسەیە تازە نییە و لە کابینەکانی پێشووشدا ئەم وتارانەیان هەبوو، خۆیان بێبەری دەکرد لە مەسەلەی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا. بەڵام ئێمە قەت خۆمان لانەداوە لە بەرپرسیارییەتی و ئەو دۆخەی لە کوردستان هەیە. بە حوکمی ئەوەی ئێمە خەڵکی کوردستان زۆرتر لە لایەنەکانی دیکەی کوردستان متمانەی پێ کردووین و دەنگی پێداوین وە کورسی زیاترمان هەیە لە پەرلەمان. دەبێت بەرپرسیارییەتی و پێگەی زیاتریشمان لە حوکمڕانیدا هەبێت. ئەوەی کە کێشەیە ئەوەیە کە خەڵکی تر ئەوەیان قبوڵ نییە. ئێمە حکوومەتێکمان هەیە سێ لایەنی سەرەکی تێیدا بەشدارە کە پارتی و یەکێتی و گۆڕانن هەروا پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانیش تێیدا بەشدارن. ئەو ناوهێنانەی حکوومەتی هەرێم بە حکوومەتی پارتی، پێی سەربەرزین و ئیدارەی وڵات دەدەین. بەڵام ئەمەیان بۆ ئەوە نییە کە وادەڵێن، بۆئەوەیانە بڵێن کەموکوڕی هەیە و خەتای پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە.
  • قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە؟
  • مەترسی لەوەدایە، دەستی دەرەکی لەو درزانەوە بێتە هەرێمی کوردستان کە دروست دەکرێن. وە ئەوەی کە خەڵکی کوردستان چەندین ساڵە هەوڵی بۆداوە بیڕوخێنن، وە هەوڵی ئەوەی کە ئەم قەوارەیەی کە هەیە بەتاڵی بکەنەوە لە ناوەڕۆکدا. خەڵکێک هێشتا لە بەغدا بە هەمان عەقڵیەتی کۆن کار دەکەن و لەوانەیە بەشێکیان دەسەڵاتیشیان هەبێت. بەوەی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆچی دەبێت ئەم دەسەڵاتانەی هەبێت بۆ دەبێت ئیمکانیەتی هەبێت و پێش بکەوێت بۆ دەبێت جیاوازبێت لە شوێنەکانی دیکە. ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە حوکمڕانی ئەم وڵاتەمان کردووە، ئێستاش بەشیوازیکی دیکە کە عێراق فیدراڵیە، بەڵام ڕەنگە عەقڵیەتێک هەبێت پێی قبوڵ نەبێت حوکمڕانی بەشیوازی فیدراڵی لەم وڵاتەدا هەبێت. یان کورد نەوعێک لە سەربەخۆیی هەبێت بۆ بڕیاردان.
  • ئامادەکاری تەواوتان کردووە بۆئەوەی هەڵبژاردن لە کات و ساتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت؟
  • خۆزگە ساڵێک لەمەوبەر ئەم هەڵبژاردنە بکرایە، ئەوکاتەی تەمەنی پەرلەمان بەسەردەچوو. ئێمە زۆر هەوڵماندا بەداخەوە نەکرا. بەڵی، ئێمە ئامادەکاریمان کردووە و ئەوەی لە دەستمان هاتووە لە ڕووی تەکنیکی و سیاسی وە لە ڕووی ئیداریەوە، سەرۆکی هەرێم و حکوومەت کردوویانە، دەکەوێتە سەر ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەغدا چی دەکات و چۆن کارەکان بەڕیوە دەبات، کە ئێمە زەمینە خۆشکەر دەبین بۆئەوەی بتوانن کارەکان بەشیوەیەکی ڕێکوپێک بکەن.
  • زۆرجار سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی داوا دەکەن شەڕی میدیایی نەمێنێت و هەر بەردەوامە، چی کراوە بۆ ئەوەی شەڕی میدیایی لە نێوانتان نەمێنێت؟
  • وا دەزانم دەکەم کە ئەم بابەتە جۆرێک نوێبوونەی تێدایە، بەکاری دێنن وەکو ئەوەی چێژێکی لێ وەربگرن. وە ئەمە شتێکی خراپە چونکە ئێمە ئەم فەوزا ئیعلامیەی کە هەیە، بە کارێکی خراپ دەبینین و کاریگەریی دەکاتە سەر سایکۆلۆجیی خەڵکی کوردستان. خەڵک پێویستی بە ئارامیە و پێشتر زۆر ئازار دراوە. ئێمە دەتوانین ئەو قسانەی لە مێدیاکاندا دەیکەین لە کۆبوونەوەکاندا بیکەین. مێدیا بۆ چارەی کێشەکان نییە، بەڵکو دەرخستنی کێشەکانە. لێکگەیشتن و کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵی گرفتەکان چارە دەکەن؛ شەڕی مێدیایی هەر لایەنێک بیکات خراپە و سودی تێدا نابینرێت.
ھەواڵی زیاتر