کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ژیانی ئاوارەکانی لە کوردستان سەخت کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی کەمبوونەوەی ھاوکارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان، ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان سەخت بووە. عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، دەڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداویستی ئاوارەکان دابین دەکات. دەشڵێ: بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەتوانین زیاتر لە سێ سەد ھەزار ئاوارەی شنگال بگەڕێنینەوە بۆ شارەکە، بەڵام تا ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت و دۆخی شنگال سەقامگیر نەبێت، ئاوارەکان ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان. بەھۆی بەریەککەوتنی نێوان ھێزە ناشەرعییەکانی شنگال لە شەش مانگی ڕابردوودا ژمارەیەک خێزان لە شارەکە ئاوارە بوونەتەوە.

سەرەڕای بڕینی بودجە و مووچەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، حکوومەتی ھەرێم شەو و ڕۆژی کردووەتە یەک و کەلوپەلی پێویستی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش کردووە، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی حکوومەتی عێراقە لەو دۆخەدا ھاوکاری ئاوارەکانی خۆی بکات و بودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، دوو سەد و چل و پێنج ھەزار و شەش سەد و ھەشتا و ھەشت پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ھەرێمی کوردستان دەژین، حەوت ھەزار و ھەشت سەد و بیست و یەک پەنابەری باکووری کوردستان و تورکیا، ھەشت ھەزار و سەد و شەست و ھەشت پەنابەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، شەش سەد و ھەژدە پەنابەری فەلەستینی، ھەشت سەد و ھەشتا و یەک پەنابەری ھەڵگری ڕەگەزنامەی جۆراوجۆر و زیاتر لە شەش سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆییش لە ھەرێمی کوردستان دەژین، لەو ژمارەیە، ٣٠%ـی ئاوارە و پەنابەرەکان لەناو کەمپەکاندا دەژین کە ژمارەیان ٣٦ کەمپە لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و ئەمنیەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بۆ دابین کراوە.
ئاوارە و پەنابەران، دەڵێن: حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە دەستی ھاتووە بۆ ئێمەی کردووە، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر دەبن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین زیاتر ھاوکاریمان بکەن، چونکە لەناو کەمپەکان و خێمەکان ژیان سەختە. ھەروەھا ئاوارە و پەنابەران سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەروەھا سوپاسی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش دەکەن، کە بەردەوام بە ھانایەوە چوونە. عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، دەڵێت: پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەکان لە دوای ساڵی ٢٠١٨ـەوە قۆناغ بە قۆناغ کەمیکردووە، ھەروەھا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەک پێویست نەیتوانیوە بە شێوازێکی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەدا بکات، ھاوکات پێداویستییە مرۆیەکانیان کەمتر بۆ تەرخانکردوون.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، دەشڵێ: لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستە نۆ سەد و بیست و حەوت ھەزار و حەوت سەد و چوارە کەس وەکو ئاوارە و پەنابەر تۆمارکراون، لە کۆی گشتییان شەش سەد و شەست و یەک ھەزار و سێ سەد و ھەشتاو پێنج کەس ئاوارەی عێراقین کە لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان لە ھەرێمی کوردستان دەژین، بەپێی ئامارەکان ئەو ئاوارانەی لە ھەرێمی کوردستان دەژین، ٤٠%ـیان لە پێکھاتەی عەرەبی سوننەن، ٣٠% لە پێکھاتەی کوردی ئێزدیین، ١٣% بە گشتی کوردن، ٧% لە پێکھاتەی کریستیانن و ١٠%ـەش لە پێکھاتەکانی دیکەن.
ئەو هەروا گوتی: بەگشتی لە ھەرێمی کوردستان ٣٦ کەمپ تەرخانکراون بۆ ئاوارەکان، ھەروەھا خزمەتگوازرییەکانی ئەم کەمپانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێن و دەزگای خێرخوازیی بارزانییش بەشێوەیەکی مەیدانی ئیدارەی کەمپەکان دەکات.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەدا، ھەر ئاوارەیەک ڕۆژانە پێویستی بە ٢.٧ دۆلار ھەیە بۆ دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەی کە پێویستی پێیەتی لە حاڵەتی ئاساییدا نەک لە قۆناغی ئێمرجنسیدا، لە ساڵێکدا پێویستمان بە نۆ سەد و دوو ملیۆن دۆلار ھەبووە بەشێوەیەکی گشتی بۆ دابینکردنی ئەم خزمەتگوازارییانە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەو ژمارەیە لە ئەستۆ بگرێت، پێوستی زیاتر بە ھەماھەنگی و وەڵامدانەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق ھەیە کە ھاوشانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێنە ژێر ئەو بارە.
ڕۆژی سێ شەممە ٩ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا ئیمزا کرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش، ھەڵبژاردنی قایمقامی نوێ، حکوومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەکات، دامەزراندنی ٢٥٠٠ کەس لە خەڵکی شنگال و ئاوارەکانی و دروستکردنی ھێزێکی نوێ، کۆتاییھێنان بە پەکەکە و ھەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی، ھیچ کەسێکی سەر بە پەکەکە نابێت لەو ھێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت، خاڵی کۆتایی ھەولێر و بەغدا ھەماھەنگی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ئیدارەکردنی بکەن. عەلی سەعید، ڕوونیکردەوە: بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەتوانین زیاتر لە سێ سەد ھەزار ئاوارەی شنگال بگەڕێنینەوە بۆ شارەکە، بەڵام تا ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت و دۆخی شنگال سەقامگیر نەبێت ئاوارەکان ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ھەروەھا تەنیا لە ٢ـی ٥ـی ساڵی ٢٠٢٢ بەھۆی بەریەککەوتنی نێوان ھێزە ناشەرعییەکانی شنگال دە ھەزار و حەوت سەد و سی کەس بە سێ کاتژمێر ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونەوە.
گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان وەستاوە، بەپێچەوانەوە، ھاتنی ئاوارە و پەنابەران زیادیکردووە. عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، گوتی: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە شنگال سێ سەد خێزان دووبارە ئاوارەی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوونەتەوە، لە ئەنجامدا ئەمەش پێمان دەڵێت، ئەو ناوچانە ھێشتا سەقامگیر نینە، ھێشتا میلیشیاکان ھەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە و ھەمیشە گریمانەی ھاتنی ئاوارەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی ھاوکاری پەنابەر و ئاوارەکان بکات، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە ھاوکاری لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاری ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستییان پێ بووە. ئاراس ئەمین، سەرپەرشتیاری کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای دھۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لێدوانەکانی بەرپرسانی عێراق بەوەی خاوەنی زیاتر لە سەد تۆن زێڕ و سەد ملیار دۆلاری یەدەگن وایکردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، عێراق وەک وڵاتێکی ھەژار نەبینن و ھاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان کەم بکەنەوە یاخود بەتەواوی ببڕن.
ڕاشیگەیاند، تا یەک کەمپ مابێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی ئاوارەکان.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شارۆچکەی شنگال بە وەکالەت، ڕایگەیاند: پێویستە حکوومەتی عێراق بە زووترین کات ڕێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی شارەکە ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێتەوە و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە.
قایمقامی شارۆچکەی شنگال بە وەکالەت، گوتیشی: تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی باشترکردنی دۆخی ئاوارەکانی شنگال دەدات و حکوومەتی عێراق تا ئێستە خۆی لە ئاوارەکانی ئەو شارە نەکردووەتە خاوەن.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شارۆچکەی شنگال بە وەکالەت، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ھێزە بیانییەکان لە سنووری شنگال نەمێنن، ھەروەھا ھێزەکانی پەکەکە دۆخی شنگالیان خراپ کردووە ئەوان بوونەتە ھۆکاری ئەوەی بەردەوام ناوچەکە ئارام نەبێت.

ھەواڵی زیاتر