داهاتی زۆر نەیتوانیوە ڕەنگدانەوەی لەسەر خۆشگوزەرانیی دانیشتووانی عێراق هەبێت

سلێمان تاشان – هەولێر

ژیان و خزمەتگوزاری و ئاستی خۆشگوزەرانیی خەڵک لە هەموو وڵاتێکدا بەشێکی گرێ دراوەتەوە بە بەرزبوونەوەی داهاتەکانی وڵات، ئەو داهاتە تا زیاتر بێت ئەوا لە ئابووریدا دەبێت ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵک زیاتر دەبێت، بەڵام لە عێراق دۆخەکە بەم شێوەیە نییە.

عێراق بە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەرت نەوت لە نێو وڵاتانی ئۆپێک هەژمار دەکرێت و هیچڕۆژێکی ئەمساڵ نەبووە، تەنیا لە فرۆشتنی نەوتدا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار نەچێتە نێو خەزێنەی حکوومەت، ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن کە تێکڕای داهاتی مانگانەی حکوومەتی عێراق لە نەوت سەرووی ١٠ ملیار دۆلار بووە.
کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق بە فەرمی بڵاوی کردەوە داهاتی عێراق لە نەوتی خاو لە ماوەی نۆ مانگیڕابردووی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٩٠ ملیار و ٣٨٨ ملیۆن و ٧٨٦ هەزار و ٣٣٦ دۆلار. ئامارەکە دەری دەخات تێکڕای فرۆشتنی مانگانەی نەوتی عێراق تا مانگی ئەیلوول سەرووی ١٠ ملیار و ٤٣ ملیۆن و ١٩٨ هەزار دۆلار بووە.
ئەگەر داهاتی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵی نەوتی عێراق بە داهاتی هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠٢١ بەراورد بکرێت، ئەوا داهاتەکە سەرووی ٧٠% زیادی کردووە. لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا عێراق لە فرۆشتنی نەوت ٥٢ ملیار و ٩٨١ هەزار و ٥١٥ هەزار دۆلاری دەست کەوت. کەوایە ئەمساڵ ٣٨ ملیار دۆلار زیاتری دەست کەوتووە.
پێویستە بگوترێ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا عێراق لە فرۆشتنی نەوتدا زۆرترین داهاتی هەبووە کە بریتی بووە لە ١١ ملیار و ٤٧٧ ملیۆن دۆلار و کەمترین داهاتیشی هی مانگی کانوونی دووەم بووە، کە هەشت ملیار و ٣٢٢ ملیۆن دۆلاری دەست کەوت.
گرنگترین هۆکاری بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە. بە تایبەتی لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتەوە بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینا نرخی نەوت بە خێرایی ڕوو لە بەرزبوونەوە کرد و لە زۆربەی مانگەکانی ئەمساڵدا نەوت لە سەرووی ١٠٠ دۆلار فرۆشراوە.
ئەو داهاتەی لەسەرەوە خراوەتەڕوو، تەنیا داهاتی نەوتە و بە ملیاران دۆلار لە داهاتی ناوخۆ و باج دەستی حکوومەتی عێراق کەتووە و یەدەگی دراوەکەشی بۆ نزیکەی ٩٠ ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە ئەمە جگە لە هەبوونی ١٣٠ تۆن زێڕی یەدەگ لە بانکی ناوەندی.
ئەوەی لەو داهاتەی عێراق جێی تێڕامانە ئەوەیە داهاتی زۆر نەیتوانیوە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانیی دانیشتووانی عێراق هەبێت. ڕێگاوبان و ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی عێراق زۆر خراپە و خەڵک تەنانەت لە ئاوی پاکی خواردنەوە و کارەبای گونجاو بۆ گەرمکردنەوەیان فێنککردنەوەی ماڵەکانیان بێبەشن و جادە و شەقامە سەرەکییەکان هی چەندین دەیەی پێشترن و نەتوانراوە پەرەیان پێ بدرێت.
بێکاری بە خێرایی ڕووی لە هەڵکشانە و هەژاریش لەم وڵاتە بەڕێژەیەکی بەرچاوڕووی لە زیادبون کردووە، لە سەرووی ئەمانەوە وڵات بە دەستی گەندەڵیی دەناڵێنێت و قسە لە دیارنەمانی سەدان ملیار دۆلار دەکرێ و هەر ئەوەش هۆکار بووە عێراق لە دۆخێکی ناسەقامگیریی ئابووری و خزمەتگوزاریدا بمێنێتەوە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەتوانن داخوازی خەڵک جێبەجێ بکەن.
هەر دوێنێ دووشەم ٣١ی تشرینی یەکەم دۆسیەکی تری گەندەڵی ئاشکرا بوو کە باس لە دیارنەمانی ١٥ ملیۆن دۆلاری تر لە وەزارەتی بەرگری دەکرێ. پارەکە وەرگیراوە بۆ ئەوەی هەندێک چەک و پێداویستی پێ دابین بکرێ بەڵام هیچ شتێکی پێ نەکڕاوە. یاریدەدەری پێشووی سەرپەرشتیاری گشتیی وەزارەتی بەرگری گەندەڵییەکەی کردووە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
لەگەڵ ئەم هۆکارانەی ئاماژەیان پێ کرا عێراق لە ماوەی ئەمساڵدا حکوومەتی کاربەرێکەری هەبوو بەڵام چەندڕۆژێکە حکوومەتی نوێی سوودانی دەسبەکار بووە کە دژایەتیی گەندەڵیی کردووەتە یەکێک لە دروشمەکانی خۆی. دیار نییە حکوومەتی نوێ بەو هەمووە پارە و بودجەیەی کە لەبەردەستیدایە، ئاخۆ دەتوانێت لە قەبارەی گەندەڵی کەم بکاتەوە،یان باری گەندەڵییەکە قورستر دەکات.

ھەواڵی زیاتر